بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی سنوری ناحیەی سەرکەپکان ئەمشەو لە پەیامێکدا رایانگەیاندووە" کۆی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی سنوری ناحیەی سەرکەپکان کۆبوینەوە بۆ هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ئەو چەند خاڵەی کە لەلایەن بەڕێز (بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە) بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا بەرپرسیارێتی بڕینی موچە و قوتی مامۆستایان و وانەبێژانی خستۆتە سەر شانی بەڕێوەبەرەکان، ئێمە دوای ڕاوێژ و گفتوگۆکردن گەیشتینە چەند بڕیارێل".
دەقی پەیامەکەیان بەم شێوەیە:
یاداشت...
بۆ ڕای گشتی سنوری ڕاپەڕین.
ئەمشەو ٢٠٢٤/٢/٦ کۆی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی سنوری ناحیەی سەرکەپکان کۆبوینەوە بۆ هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ئەو چەند خاڵەی کە لەلایەن بەڕێز (بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە) بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا بەرپرسیارێتی بڕینی موچە و قوتی مامۆستایان و وانەبێژانی خستۆتە سەر شانی بەڕێوەبەرەکان، ئێمە دوای ڕاوێژ و گفتوگۆکردن گەیشتینە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:
١- ناوهێنانی بەڕێوەبەرەکان و بێ منەتکردنیان لەئەگەری پابەندنەبونیان بەو داواکارییانەی (بەڕێوەبەری پەروەردە) بە سوکایەتی بە خزمەت و توانستمان تێدەگەین بۆیە بە هەمو جۆرێک ڕەتی دەکەینەوە.
٢- بابەتی (بایکۆت) لەسەرەتاوە لەسەر دەستی بەڕێوەبەرەکان نەکراوە، بەڵکو مامۆستایان و وانەبێژان خاوەنی بڕیاری بایکۆتی گشتی بون.
٣- ئێمە سەرجەم بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانی ئەو سنورە ڕایدەگەیەنین لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو فشارانە و ناچارکردنمان بەسزادانی مامۆستایان بەکۆی گشتی دەستلەکارکێشانەوەی گشتی رادەگەیەنین.