کەشناسێک: شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین روو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاماژە بەوەدەکات کە لە سەرەتای ئەم هەفتەوە پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە، بەڵام لە ١٥ی مانگەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات.

شارەزای بواری کەشناسی ئاراس جەبار رایگەیاند" سەرەتا لەرۆژانی داھاتوودا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەردەوامی ئەبێت و رۆژ بەرۆژ ھەست بەگەرمبوونی کەشەکە دەکرێت ، لە رۆژی شەمە ١٠ی مانگەوە  حاڵەتێکی ناسەقامگیری کەش لەدەریای سوورەوە چالاک ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی سعودیە زۆرێکی ناوچەکانی عێراق کە خۆی ئەبینێتەوە لە تاوە باران و تەرزە بارین و دروستبوونی کەڵەکە ھەوری بە بروسکە و ئەگەریش ھەیە ئەم حاڵەتە لەئێوارەی رۆژی شەمە بەشێوەیەکی لاواز کاریگەری لەسەر ناوچەکانی سنوری گەرمیان و سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک ببێت بەبارانی مامناوەند و ھەندێ شوێنێش تاوە باران و بروسکە تیایدا چالاک ئەبێت و بەگشتی کورت خایان ئەبێت تا بەرەبەیانی یەکشەمە  بەردەوامی ئەبێت و کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان نابێت''.

ئاراس جەبار وتی" لە ١٥ی ئەم مانگەوە بەھۆی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەک لە باکوری زەریای ئەتڵەسیەوە بۆ سەر دەریای ناوەراست و ھێنانی بارستەیەک ھەوای زۆر شێدار و تەر شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین و ھەورە بروسکە سەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بە رێژە و کاریگەری جیاواز دەگرێتەوە".

ئەم شارەزایەی بواری کەشناسی دەڵێت" لەم شەپۆلەدا  پێشبینی بارانێکی زۆر دەکرێت ئەمجارە بۆ ناوچەکانی سنوری گەرمیانی و کەرکوکیش بارانەکە زۆر باش ئەبێت وە ئەم شەپۆلە جیاواز ئەبێت لەڕووی شێوازی ھاتن و دابەشبوونی بارانەکان کە بەشێوەیەکی بەرفراوان کاریگەری دروست ئەکات و ان شا‌و الله ئەو ناوچانەی تا ئێستا بارانیان لە خوار رێژەی پێویستە یان بەڕاورد بە پار ساڵ کەمترە بەم شەپۆلە رێژەکان پێشدەکەوێت کە سوپاس بۆ خودا لە زۆرینەی ناوچەکان بەتێکرا بارانی ئەم وەرزە ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تا ئێستا لەچاو ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەم کاتە زیاتربووە".






AM:12:03:08/02/2024