ڤیان سەبری: چوونەدەرەوەی هاوپەیمانان لە عێراق جارێکی دیکە بارودۆخی وڵات ئاڵۆز دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی  جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە  پێش ئەوەی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بدرێت، بیر لە بەرژەوەندیی عێراق بکرێتەوە، چونکە لەوانەیە بڕیارەکە تەنانەت لە رووی ئابووریشەوە زیان بە عێراق بگەیەنێت و دەڵیت" چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، جارێکی دیکە بارودۆخی وڵاتەکە ئاڵۆز دەکات.

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق تەنها تاوتوێکردنی پێشێلکارییەکانی سەر سەروەریی خاکی عێراقە، دیار نییە هیچ بڕیارێکی لێوە دەدرێت یان نا".

ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتوون و ئەگەر بڕیارێکیش بۆ چوونەدەرەوەیان بدرێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵی بیدات و، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش پاڵپشتیی بکات.  

"عێراق پێویستی بە توانا سەربازیی و هەواڵگیرییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە. لەوانەیە چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، جارێکی دیکە بارودۆخی وڵاتەکە ئاڵۆز بکات".( سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی).

ڤیان سەبری دەشڵێت" عێراق لە رووی ئەمنییەوە سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە و  تاوەکو ئێستا داعش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە، ئێستا عێراق بە بارودۆخێکی ناهەمواری ئەمنیدا تێپەڕدەبێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی  جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە  پێش ئەوەی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بدرێت، بیر لە بەرژەوەندیی عێراق بکرێتەوە، چونکە لەوانەیە بڕیارەکە تەنانەت لە رووی ئابووریشەوە زیان بە عێراق بگەیەنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی "هێرش و پێشێلکارییەکانی سەر سەروەری خاکی عێراق" کۆببێتەوە.



PM:12:56:10/02/2024