"دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین کە سوکایەتی بە ئایینە جیاوازەکان دەکەن"

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی لێدوانێکی ئاوات حسامەددین كه‌ وه‌ك نوێنەری ئایینی زەردەشتیەکان ناسراوە دەداتەوە و دەڵێت" دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین کە سوکایەتی بە ئایینە جیاوازەکان دەکەن". 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە" ئەوەی هاوڵاتییەک کە خۆی وەک نوێنەری ئایینی زەردەشتیەکان له کوردستان ناساندوە بەناوی (ئاوات حسامەددین) لە چاوپێکەوتنێکیدا قسەو وشەی نەشیاو بەرامبەر پیرۆزیەکانی ئایینی ئیسلام بەکارده‌هێنێت ئەوەش بە سوکایەتی هەژمار دەکرێت و پێچەوانەی یاساو ڕێنماییە بەرکارەکانە لە هەرێمی کوردستان و بەوەش نیگەرانی گەورەی دروستکردوە لەناو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان موسڵمانن".

دەشڵێت" دژی ئەو جۆرە لێدوانانەن کە سوکایەتی بە ئایینە جیاوازەکان دەکەن و شعوری هاوڵاتیان بریندار دەکەن و پشێوی بڵاودەکەنه‌وە ئەوەش بەشێکە لە وتاری ڕق و کینەو توند ڕەوی دروست دەکات و زۆرجاریش دەبێتە مایەی پەرچە کردارو وەڵام دانەوە، کە هیچی لەبەرژەوەندی ئەو پێکەوە ژیانە جوانەی هەرێمی کوردستان نیە کە هەموان شانازی پێوە دەکەین و هیچ کێشەیەک نیە لەنێوان ئایینەکان". 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە" وێڕای سه‌ركۆنه‌کردنی ئەو قسەو لێدوانە بەرامبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە هەمانکاتدا سه‌ركۆنه‌ی هەر جۆرە پێشێلکاری و سوکایەتیەک دەکەین بکرێتە سەر هەر ئایین و ئایدیایەک و دەبێت دەزگا یاساییەکان و قەزائیەکان ڕوبەڕوی یاسایان بکەوە بۆ ئەوەی نەبێتە کلتورو ڕێگری بکرێ لە دوبارە بونەوەی، لە نزیکەوە چاودێری ئەو بابەتە دەکەین و لەسەر خەت دەبین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەهەمان کات داواکارین سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم ئەو کەیسە بجوڵێنن و ڕێکاری یاسایی بگرنە بەر بەرامبەر ئەو کەسە".

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داواش لە دەزگا راگەیاندنەکان و کەناڵەکان دەکەن نەبنە بەشێک لەبڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە پەیام و کردارانەی پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و "سوکایەتین بە ئایینەکان و چین و توێژەکان لەناو کۆمەڵگە، چونکە ئەوانیش دواتر بەشێک دەبن لە بەرپرسیارێتی یاسایی". 


PM:04:03:10/02/2024