شیعە هەڕەشەی رێگرتن لە زیادکردنی پشکی هەرێم دەکەن

‌شیعە دەیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا دەربکەن.. کورد و سونە دژن
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممەی پەرلەمانی عێراق کە راوێژکاری بوو لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا، کورد و سونە بەشداریان نەکرد، پەرلەمانتارانی شیعە رایدەگەیەنن کە تۆڵە لەکورد و سونە دەکەنەوەو، رێگا نادەن یاسای بودجە هەمواربکرێتەوەو پشکی هەرێم زیاد بکرێت.

مستەفا سەند پەرلەمانتاری هاوپەیمانی شیعەكان رایگەیاند" هەر هەموارکردنەوەیەک لە یاسای بودجەدا بەمەبەستی زیادکردنی پشکی هەرێم رەتدەکەینەوە".

لەبارەی سونەشەوە، پەرلەمانتاری شیعە فالح خەزعەلی دەڵێت" دەبێت پەرلەمنتارانی سونە کە رێژەی یاسایی پەرلەمانیان تێکدا، چاوەڕێی ئەوە بکەن کە سەرۆکی پەرلەمان وەک خۆی دەمێنێتەوەو ئەو پۆستەیان پێنادرێت".

دوانیوەرۆی ئەمڕۆ شەممە لە کۆبوونەوەی راوێژکاری پەرلەمانی عێراق کە ١٠٠ ئەندام ئامادەبوون کورد و سونە جگە لە سۆران عومەر و مووسەنا ئەمین کە بەشداریان کرد، سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتی  کۆبوونەوەکەیان کرد کە تایبەت بوو بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەم هەڵوێستەی کورد و سونەش پەرلەمانتارانی شیعەی تووڕە کرد.



AM:12:14:11/02/2024