چەند شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین سەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێم دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا هۆشداری لەبارەی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی باران بارین دەدات و دەڵێت" لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکەی بەھێز و باو بارانێکی زۆر دەبێت کە لە ھەندێ ناوچەشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە"  لە ماوەی نێوان (١٤ بۆ ٢٦)ی ئەم مانگە، بەھۆی چالاکبوون و گۆڕانی جوڵە و ئاراستەی نزمەپاڵەپەستۆکانی زەریای ئەتڵەسی بۆ دەریای ناوەراست و رۆژھەڵاتی ناوەراست بەگشتی و ھاتنی شێ و تەریەکی زۆریش لە دەریای سوور و نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە چەند شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین سەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و زۆرێکی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکەم شەپۆلیان لە (١٤ی مانگ بۆ ١٨)ی مانگ کاریگەری دەبێت و چەقی شەپۆلەکە کۆتای ئەم ھەفتەیە دەبێت بە تایبەت لە رۆژانی (١٥ و ١٦)ی مانگ ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکەی بەھێز و باو بارانێکی زۆر دەبێت کە لە ھەندێ ناوچەشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت شەپۆلەکانی. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە (٢٠)ی مانگ بە دواوە دەستپێدەکات کە بەھەمان شێوە پێشبینی بارانێکی زۆریان لێدەکرێت و ئەو ماوەیە پر باراناویترین ماوەی بارانی ئەم وەرزە و ئەمساڵ دەبێت بۆ سەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و رێژەیەکی زۆر بارانبارین تێدایە.

دەشڵێت" بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەم ماوەیەدا و ھاتنی کەشێکی بەھارە و فێنک کە ھۆکارە بۆ ناجێگیری و گۆڕانکاری خێرا لە پلەی گەرمی و شێ و رەگەزەکانی دیکەی کەشوھەوا لە بەرزیە جیاوازەکانی بەرگە ھەوادا جۆرێک لە ناسەقامگیری دروستەبێت کە شێوازی دابارینەکان لەم شەپۆلانەدا بە زۆری دەگۆرێت بۆ تەرزە و بارانی بەخوڕ و دروستبوونی کەڵەکە ھەورە گەورەکان کە بروسکە و بای بەھێز لە گەڵیاندا ھەیە ھەر لەبەر ئەوە قۆناغی ئەمجارەی بارانبارین لە حاڵەتەکانی پێشتر جیاواز دەبێت کە بارستە ھەوای سارد و کەشێکی ئارامتریان دەھێنا بۆ ناوچەکە". 


AM:12:02:12/02/2024