كارتی نیشتمانی دەبێتە تاكە پێناسی فەرمی لە فەرمانگەكان

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، تەمەنی پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامە ١٧ڕۆژی ماوە و لە ١ـی ئاداری ئەمساڵەوە تەنیا كار بە كارتی نیشتمانیی دەكرێت لە فەرمانگە حكومییەكاندا، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت'' بڕیارێكی فیدڕاڵییە و لە هەرێمیش كاری پێدەكرێت"، هاوكات بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و كارتی نیشتمانی سلێمانی جەختدەكاتەوە، كە هێشتا مامەڵەی دەرهێنان و پێدانی كارتی نیشتمانی بە هاووڵاتیان بەردەوامە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەبێت لە ١ی ئاداری ٢٠٢٤ەوە لە مامەڵەی فەرمانگەكان تەنها كار بە كارتی نیشتمانی بكرێت وەك تاكە بەڵگەنامەی فەرمی.

كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" كارپێكردنی كارتی نیشتمانی لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر دەرچووە و دەبێت وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵی عێراق پێوەی پابەند بێت و بڕیاری لە جێبەجێكردنیشی داوە''.

سەبارەت بەوەی ئایا لە هەرێم ئەو بڕیارە كاری پێ دەكرێت، وتی" بابەتی پێناس بابەتێكی فیدڕاڵییە و هەر بڕیارێك لەو بارەیەوە بدرێت دەبێت هەموو عێراق و هەرێم پێوەی پابەند بێت، چونكە پرسێكی فیدڕاڵییە و ناكرێت لە عێراق جێبەجێ‌ بكرێت و لە هەرێم جێبەجێ‌ نەكرێت".

لای خۆشیەوە، سیامەند حەمەحسێن، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و كارتی نیشتمانی سلێمانی  ڕایگەیاندووە" بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵییەوە دەرچووە و لەلایەن ئێمەشەوە كاری پێ‌ دەكرێت، بەڵام بەو جۆرەش نییە، كە لە 1ی ئادارەوە ئەوەی كارتی نیشتمانی نەبێت نەتوانێت مامەڵە لە فەرمانگەكان بكات".

ڕوونیشی كردەوە، حاڵەتەكە بەو جۆرە نییە، كە ئیتر كار بە پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامە ناكرێت، چونكە هێشتا خەڵك ماوە كارتی نیشتمانی دەربكات یان خەڵك هەیە لە دەرەوەیە و دێتەوە و كارتی نیشتمانی دەردەكات، بۆیە هێشتا كار بە پێناس و ڕەگەزنامە دەكرێت.

جەختیشی كردەوە، دەركردن و پێدانەوەی كارتی نیشتمانی بە هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت.



PM:08:22:13/02/2024