حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە ١٥ـی شوباتی ٢٠٢٤بارانی بەخوڕ بە هەورەتریشقە و باوە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەبارێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا چوار رێنوێنی بۆ هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان بڵاوکردووەتەوە:
- لەو ناوچانەی نزمن و ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو هەیە، دوور کەونەوە.
- بۆ دووربوون لە هەورەتریشقە، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکرێت.
- لەڕێگە سەرەکییەکان هۆشیار بن و ئەگەر زۆر پێویست نەبێ رێگە بەکارنەهێنرێت.
- بە رێنمایی دەزگە خزمەتگوزارییەکان پابەند بن.
تاوەکو ئێستا بە فەرمی حکومەت راینەگەیاندووە کە سبەینێ لە قوتابخانە و دامودەزگاکان دەکرێتە پشوو یان نا.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە ئەمڕۆوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و لە هەندێک ناوچە بە تایبەت گەرمیان، کەرکووک و هەولێر ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.