بەهۆی باران و هەورەبروسکە زیان بەر چەند هاوڵاتی و ماڵەکانیان کەوتووە

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی روو لە هەرێمی کوردستان کردووە لە چەند ناوچەی کوردستان ئاو چووەتە ناو ماڵی هاوڵاتیان و چەند کەسیش بەهۆی بەرکەوتنی هەورەبروسکە تەندروستیان تێکچووە.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤  لەگەڵ  هەورەبرووسکە لە رەبایەکی پێشمەرگەی داوە لە سنووری شێروان مەزن لە هەولێر، بەهۆیەوە چوار پێشمەرگە کە لە ئەرکدا بوون، رەوشی تەندروستییان تێکچووە، تووشی هێڵنجهاتن و رشانەوە بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام تەندروستیان ل ئێستادا باشە.

عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ درەنگانی شەوی رابردوو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەمشەو لە گەڕەکی سارمێ لە سەنتەری ئاکرێ بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر لە ماڵێک بەربوو."

بەوتەی ئەو بەڕێوەبەرەی بەرگریی شارستانی ئاکرێ، ئەوان توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە بەهۆی بارانی بەردەوام لە ناحیەی دینارتە، کە سەر بە قەزای ئاکرێیە ئاو چووە نێو دوو ماڵەوە. لە هەردوو رووداوەکەشدا بەپێی وتەی عەقید ئیبراهیم "تەنیا زیانی مادی هەبووە."



AM:09:24:15/02/2024