کەشناسی کاتی لاوازبوونی شەپۆلی بارانەکەی ڕاگەیاند

کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمڕۆ بارانبارین بەردەوام بێت و لە شەویشەوە کاریگەری ئەو شەپۆلەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کەمبێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ بارانبارین بەردەوام دەبێت و ئاستی دابارین لەسەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگاکان مامناوەند دەبێت.

ڕوونیشیکردەوە کە زۆرترین ڕێژەی بارانی پێشبینیکراو لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە باشووری پارێزگای سلێمانی دەبێت، هەندێک کاتیش هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت.

کەشناسی پێشبینی ئەوەشی کرد کە شەو کاریگەری شەپۆلەکە لەسەر هەرێمی کوردستان لاواز بێت.

سەبارەت بە سبەینێ هەینیش ڕایگەیاند" ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و لە دوای نێوەڕۆوە بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان بە شێوەی نمە باران و مامناوەند دەبێت، بەتایبەتی لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی".

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر : ١٦

سلێمانی : ١٦

دهۆک : ١٦

کەرکوک : ١٩

هەڵەبجە : ١٦

زاخۆ : ١٥

سۆران : ١٠

حاجی ئۆمەران : ٦

گەرمیان : ٢٠


AM:10:41:15/02/2024