"حکومەتی عێراق مەرجی نوێی هەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم"

ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنن" حکومەتی عێراق مەرجی نوێی هەیە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم". 

غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق پێی وایە ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی (٧٠٠) هەزار فەرمانبەرە، نەک ملیۆن بۆ ملیۆنێک و ١٠٠، دەڵێن دەبێت دووبارە لیستی موچە خۆران ڕێکبخرێتەوە، ئەم داواکاریانەش زیاتر خۆی لە پێگەی هێزەوە دەبینێت و بەم جۆرەش بەربەست لە بەردەم موچەی هاوڵاتیانی هەرێم دروستدەکرێت و زیاتر مەرجەکان دەچنە بواری بیانوگرتنەوە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی" ئەگەر بەم وردەکاریانە بچنە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر گرفتەکان دەبینن، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی هەرێم، لەسەر ئەو هەموو مەرجانە بێدەنگ نەبن، چونکە تا هەمواری بودجە دوابکەوێت مەرجی نوێ ئاڕاستەی هەرێم دەکرێن". 

لای خۆشیەوە د. نەرمین مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" مەرجەکان نوێنین، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ بەردەوامی مووچە پێویستە داتا و زانیاری موچەخۆران و پلەکانیان و خانەنشینان بدرێنە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، مانگی ڕابردوش ئەو (٦١٨) ملیار دینارە بەو هۆکارە دراوەتە هەرێمی کوردستان، تا هەمواری یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤". 

نەرمین مەعروف دەشڵێت" پرۆسەی وردبینی لەناوی موچە خۆرانی هەرێم بەردەوامە و وردبینی نزیکەی ٣٠٠ هەزارکەس تەواوبووە، چاوەڕواندەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە هەمواری بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بگاتە پەرلەمان و تا کۆتایی مانگی ٣ بخایەنێت، بەرەوپێشچوونی باش هەیە لە نێوان هەردوو حکومەتدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە دارییەکان".

مانگانە حکومەتی عێراق بڕی ٦١٨ ملیار دینار دەخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە دەکاتە ٦٥ ٪ی کۆی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بڕی ٣٢٥ ملیار دیناری پێویستە بۆ پڕکردنەوەی تەواوی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم.


PM:12:41:16/02/2024