لە بارەی دەوامی یەک شەممەی قوتابخانەکانەوە
پەروەردەی هەولێر بڕیاری دا

لەبارەی هەبوونی دەوامی سبەی یەک شەممەی قوتابخانەکانەوە لە پارێزگای هەولێر، پەروەردە بڕیاری خۆی بە لەبەرچاوگرتنی کەشوهەوا دەرکرد.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لە راگەیاندنێکدا کە ئەمشەو ١٧ ی شوبات بڵایکردەوە، هاتووە" بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی بارو دۆخی کەش و هەوا بۆ بەیانی ١٨-٢-٢٠٢٤ ، ڕێژەی باران بارین بە پچڕ پچڕ دەبێت، ئەوەش کاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر دەوامی قوتابخانەکان".

هەروەها هاتووە" بۆ بەیانی یەکشەممە، ١٨-٢-٢٠٢٤ دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن لە هەولێر ئاسایی دەبێت، بەهیوای سەلامەتی بۆ گشت لایەک".

ماوەی چوار رۆژە شەپۆلێکی بە‌هێزی باران بارین هەرێمی کوردستان گرتۆتەوەو زەرەو زیانێکی زۆری بە چەندان شوێنێ هەولێر و سلێمانی و گەرمیان گەیاندووە.



PM:09:04:17/02/2024