رێکخراوی ئاشتی: چەندان پێشێلکاری یاسایی لە سێجار حوکمدانی گوهدار زێباریدا کراوە


تیمی کوردستانی عێراقی CPT رێکخراوی ئاشتی لەبارەی ئازادکردنی رۆژنامەنووس گوهدار زێبارییەوە رایگەیاند" گوهدار سێ جار حکومدراوە و لە کاتی حوکمدانەکانیدا پێشێلکاری یاسایی کراوە".

لە راگەیاندێکدا تیمی کوردستانی عێراقی CPT رایگەیاند " لەدوای بەسەربردنی ٣٩ مانگ و ٢٦ ڕۆژ لە زینداندا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ گوهدار زێباری ئازادکرا."

هاتووشە " گوهدار زێباری سێ جار حکومدرابوو. لەسەرەتادا بە تۆمەتی ئەنجامدانی سیخوڕی و مەترسی خستنەسەر ئاسایشی نیشتیمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە شەش ساڵ زیندانیکردن حکومدرا. بەڵام بەهۆی جوڵانی ڕایگشتی لەسەر ئەم بابەتە و هەوڵی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ماوەی زیندانییەکەی بە لێبوردنێکی تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی ٦٠٪ کەمکرایەوە".

ئەو رێکخراوە دەلێن" لەدوای تەواوکردنی ماوەی زیندانیەکەی، بەتۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبیلکەی گوهدار جارێکی تر تاوانبارکرایەوە و بە شەش مانگیتر زیندانیکردن حکومدرا. بە ماوەیەکی کەمیش لەدوای کۆتاییهێنان بە ماوەی بەندکردنی دووەمجاریدا، بەتۆمەتی هەبوونی چەکی ڕاوکردنی بێمۆڵەت لە ئۆتۆمبێلەکەیدا گوهدار بۆجاری سێیەم حکومدرا و بڕیاردا بە هێشتنەوەی بۆ شەش مانگی تر لە زینداندا".
تیمی کوردستانی عێراقی CPT کە چاودێری پڕۆسەکانی دادگاییکردنی ئەو ڕۆژنامەوانەی کردوو و تێبینی چەندین پێشێلکاری کرد لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکاندا، وەک دەڵێن" کەمی بەڵگەی بڕواپێهێنەر و نادادپەروەری لە دادگاییکردن و بێلایەن نەبوونی سیستەمی دادوەری و بەردەستنەبوونی سەرچاوەکانی مافی بەرگرییکردن لەلایەن پارێزەرانی بەرگریکار و چەندان پێشێلکاری تریش لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکاندا جێگەی سەرنجی CPT بوون".

لەبارەی دەستوەردانی سیاسیەوە، رێکخراوەکە دەڵێن"  سیستەمی دادوەری بەرکەوتەی دەستتێوەردانی سیاسییە و وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و بەئامانجگرتنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان بەکاردەهێندرێت".

لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، گوهدار زێباری و ٨٠ ڕۆژنامەوان و چالاکوانی تری دەڤەری بادینان لە ماوەی سێ مانگدا دەستگیرکران. لە ئێستادا ٧٩ لە دەستگیرکراوەکان ئازادکراون و بەتەنیا هەردوو ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ شێروان شێروانی و قارەمان شوکری لە زینداندا ماونەتەوە.



AM:12:34:18/02/2024