بکوژی نەقیب محەمەد بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگەی سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی نەقیب محەمەد دەرکرد.

بە پێی زانیارییەکان دادگەی تاوانەکانی ٣ی سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی نەقیب محەمەد( پشتیوان عەلی مستەفا) دەرکرد و زیندانیی هەمیشەیش بۆ ئەو دوو کەسەی لەگەڵیدابوون و یارمەتی بکوژەکەیان داوە( یوسف پشتیوان و تەحسین عومەر)، دەرکردووە. هەروەها دادگا بڕیاریداوە بە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی نەقیب محەمەد بە بڕی ٢١٥ ملیۆن دیناری کاش، بڕیارەکەش دەنێردرێت بۆ دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر.

دایکی نەقیب محەمەد لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا لەدوای دەرکردنی بڕیارەکەی دادگە وتی" بڕیاری دادگە دڵخۆشکەربوو بووم، بەڵام بڕیاری دەرچوو بۆ دوو تاوانبارەکەی دیکە بە کەم دەزانین و ئەگر پێویست بێت تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەین".  

كۆتایی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو تیمێكی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بەمەبەستی دەستگیركردنی تۆمەتبارێك، چوونە ناوی تانجەرۆی شاری سلێمانی، بەڵام لە كاتی گەیشتنیان، لەلایەن دوو كەسەوە تەقەیان لێكرا و نەقیب محەمەد لەتیف كوژرا و سێ پۆلیسیش برینداربوون.
 



PM:12:36:18/02/2024