جەمال کۆچەر: هەمواری یاسای بودجە لە قۆناغی دووەمدایە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆکارەکانی نەناردنی پڕۆژەی هەمواری بودجە بۆ پەرلەمان ئاشکرادەکات و ڕایگەیاند" ئامادەکردنی هەمواری یاسای بودجە سێ قۆناغە و تا ئێستا یەک قۆناغی بڕیوە و لە قۆناغی دووەمدایە''.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" ئیشی گەورەی پرۆژەی بودجە لەناو حکومەت دەکرێت، ئەویش بە سێ قۆناغە، قۆناغی یەکەم دەبێت هەموو پارێزگا و وەزارەتەکان و هەرێمی کوردستان بودجەی خۆیان بنێرن بۆ وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی، لە هەنگاوی دووەمدا هەردوو وەزارەتەکە بودجەی پێشنیارکراو دەکەنە ڕەشنووسێکی کۆکراوە".

وتیشی" ئێستا لە قۆناغی دووەمین و ئەویش ئامادەکردنی ڕەشنووسی گشتی بودجەیە بۆ ئەوەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت، چاوەڕواندەکرێت تا ناوەڕاستی مانگی ئادار بودجە قۆناغی دووەمیش ببڕێت، دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت".

جەمال کۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە پێویستە لەسەرەتای ساڵ حکومە ژمارەی فەرمانبەرانی خانەنشین لەگەڵ ئەوانەی کە وازیان هێناوە دیاری بکات، پاشان هەڵسەنگاندن بۆ نرخی نەوت و داهات بکرێت، لەکۆتایشدا هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەکان بکرێت.


PM:03:34:19/02/2024