مامۆستایانی ناڕازی بڕیاری شکاندنی بایکۆتیاندا

مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنن" بڕیاردراوە لەبەر نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن بایکۆت هەڵسپێرین". 

کەمێک پێش ئێستا ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە" پاش کۆبوونەوەی بەشێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ناوبراو هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریدا پاش هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی عێراق پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بەپێی ساڵانی خزمەت، بخرێتە بواری جێبەجێبەجێکردن، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە گرێبەستکردنی وانەبێژان بە قۆناغبەندی". 

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی دەشڵێن" ئێمەش وەک ئەنجومەنی سەرتاسەری، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بڕیار و بەڵێنانەی جێگری سەرۆکی حکومەت، وەک دەرفەتێکی تر بە دەسەڵات و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن، بڕیارماندا بە هەڵپەساردنی بایکۆت، لە ئەگەر جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیش، بەگوڕوتینی نوێوە دێینەوە مەیدانەکە".


PM:08:02:19/02/2024