لە سنووری سلێمانی و دەورووبەری لە مانگێکدا ١١٦ کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەرهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت" تەنها لە مانگی یەکی ئەمساڵدا سەد و شانزە کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون". و هەروەها ئاماژە بەوەدەکات بەشێکی زۆر لە بازرگانەکان کوردن و هەرێمیش وەک ترانزێت بەکار دەهێنرێت بۆ هەناردەی ماددەی هۆشبەر.

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ١١٦ کەیسی ماددەی هۆشبەرمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبەجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین هەبووە، لەنێویاندا ٥٠ کەسیان فرۆشیار و ٦٤ کەسیش بەکارهێنەرن".

عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵیت" لە مانگی دووشدا بارزگانی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەرمان هەبووە و دەستگیرمان کردووە، بازرگانەکان ئەوانەن لە سەرووی کیلۆ گرامەوە داخڵی هەرێمی دەکەن و لە ڕێگەی کەسانی ترەوە دەست دەکەن بە دابەشکردنی".

هەروەها دەشڵێت" بەشێکی زۆر لە بازرگانەکان کوردن، بە تایبەت ئەوەی ناو شارەکان هەموویان کوردن و هەرێمیش وەک ترانزێت بەکار دەهێنرێت بۆ هەناردەی ماددەی هۆشبەر".

" لە هەموو تەمەنەکان هەیە و خوار ١٨ ساڵیشی تێدا بووە، بە چەندین شێوازی نەشیاو لەلایەن فۆشیار و بازرگانانەوە زەختیان لێکراوە. چونکە پێتان وایە یاسا نایانگرێتەوە، بەڵام ئێمە هەر دەستگیریان دەکەین و دەیان نێرین بۆ بەشی نەوجەوانان." ( بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان وتی).

عەقید سەلام راشیگەیاندووە" بە دڵنایییەوە ڕێکارەکان لە مانگی ٦ و ٧ ەوە زۆر زیاد کراون، ئێمە زیاتر تەرکیزمان لەسەر بازرگان و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەرە، بەڵام بخۆریش دەستگیردەکرێت، بە پێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٢٠ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، و سیستەمی زۆر پێشکەوتوومان هەیە لە فڕۆکە خانە و سنورەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ماددەی هۆشبەر".

ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە هەرێم بڵاوبوونەتەوە، زیاتر ماددەکانی تلیاک، حەشیش، دەرمانی بێهۆشکەر، هیرۆیین و کریستاڵن، سەرچاوەی داخڵ کردنیان ئێران و ناوچەکانی خوارووی عێراقە.

بە پێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ دا، ٩٩١ حاڵەتی دەستگیرکردن وەک بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر هەبووەو ٣٩٨ کیلۆ ماددە جۆراو جۆرەکانیش دەستی بەسەرداگیراوە.






PM:10:04:20/02/2024