دادگای فیدراڵی بڕیارە گرنگەکەی لە بارەی مووچەی فەرمانبەران هەرێمەوە دەرکرد

ئەمڕۆ لە دانیشتنی دادگای فیدراڵیی عێراقدا بڕیارێکی گرنگی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دراو کە لە یەکێک لە بڕگەکانیدا بڕیاردرا " پێویستە حکومەتی عێراق مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات و وەکو قەرز مامەڵەی لەگەڵ نەکات".

دادگای فیدراڵی هەروەها بڕیاری دا " دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێشێلکاریی یاسایە و پێچەوانەی ماددەی ٣٠ی دەستووری عێراقە، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق بێ گەڕانەوە بۆ هەرێم بڕیاری جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەران لە بانکەکان جێگیر بکات".

دادگای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، دابەشنەکردن و دواخستنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە پێشێلکارییە بەرامبەر بە مافی موچەخۆران و دەبێت هەردوو حکومەتەکە بگەنە چارەسەرێک بۆدابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. دەشڵێت " هەردوو حکومەتەکە دەبێت خەرجی پرسی هەناردەی نەوت و موچەخۆران بگرنە ئەستۆ بەبێ هیچ قەرزێک و داهاتی نەوتیش بگەڕێتەوە بۆ بەغدا".

هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە "دەبێت هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق کێشەکانیان کۆتایی پێبهێنن و بگەنە چارەسەر تا لەوە زیاتر موچەخۆرانی هەرێم باجی ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو حکومەتە نەدەن".

ئاماژەی بەوەش کراوە کە پێویستە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و تایف سامی وەزیری دارایی عێراق بڕیاربدەن لەسەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ بوونی هیچ قەرزێک.

باسی لەوەش کرد، پێویستە هەرێم پابەندی رێککەوتنەکان بێت لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەپێناو کۆتایی هێنان بە قەیرانی موچەخۆران و داهاتی ناوخۆ.دەشڵێت، "دەبێت هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا بەبێ دروستکردنی هیچ کێشەیەک".

ئەوەشی خستە روو، دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم لەدەرەوەی ناکۆکیەکانی هەرێم وبەغدا بمێننەوە و نابێت لەوە زیاتر موچەکانیان دوابکەوێت کە لە ئێستادا حکومەتی کاربەڕێکەر پێشێلکارییان بەرمابەر دەکات بە سێ مانگ جارێک مووچەیان بەسەردا دابەش دەکات. وتیشی، "دەبێت موچەی موچە خۆران لە وادەی خۆیدا دابەش بکرێت".

هاوکات، سەبارەت بە ناکۆکیەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لەسەر نەوت رایگەیاند، بەگوێرەی بڕگەی ٩٣ و٩٤ـی یاسایی دادگای فیدراڵی عێراق هەردوولا پێویستە پابەند بن بەوەی کە خەرجی نەوت هەردوولا بیگرنە ئەستۆ نەک تەنها لەسەر یەکلابێت بەمەبەستی یەکلایی کردنەوەی کێشەکانیان.






PM:02:19:21/02/2024