کۆمەڵی دادگەریی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی راگەیاند

کۆمەڵی دادگەری کوردستان دوای بڕیاری داداگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنی کوردستان و مووچە لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی راگەیاند.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند" بڕیارەكانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیی تایبەت بە هەردوو پرسی (موچە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان)، جێی دڵخۆشییە و پێشوازیی لێدەكەین و پێمانوایە دەرفەت و ئومێدێکە بۆ گۆرانکاری و رزگاربونی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە چەقبەستویی ".

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە بەپێویستی دەزانین كە هانی خەڵكی كوردستان بدەین، بەتایبەت ئەوانەمان كە چاومان لە ئاسۆی گۆڕانكاریی و كۆتاییهێنانە بە حوكمڕانی خراپ و پڕ گەندەڵیی سێ دەیەی ڕابردوو، ئەوكاتەی لەبەردەمداماوە، تۆماری بایۆمەتریی دەنگدانیان نوێ بكەنەوە و، گوێ بەو دەنگە نەسازانە نەگرن كە لەپێناو مانەوەی خۆیاندا خەڵك لە هەڵبژاردن بێهیوا دەكەن.
دەقی راگەیەندارەوەکەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان :  

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئەنجومەنی باڵا:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بڕیارەكانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیی تایبەت بە هەردوو پرسی (موچە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان)، جێی دڵخۆشییە و پێشوازیی لێدەكەین و پێمانوایە دەرفەت و ئومێدێکە بۆ گۆرانکاری و رزگاربونی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە چەقبەستویی .

درێژكردنەوەی (ناشەرعی و نایاسایی) تەمەنی پەرلەمان، ببوە نەریت و خوی هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم، نە لەگەڵ یەكتر دەگەیشتنە سازان، نە گوێشیان لە دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵك و هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی خۆشیان دەگرت، تا دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری بۆدان كە بەلای ئێمەوە بڕیاری گرنگن بە ئاراستەی ڕێككردنەوەی پرۆسەی سیاسیی و خستنەوە سەر سكەی یاسایی و دەستوریی خۆی !

بەپێویستی دەزانین كە هانی خەڵكی كوردستان بدەین، بەتایبەت ئەوانەمان كە چاومان لە ئاسۆی گۆڕانكاریی و كۆتاییهێنانە بە حوكمڕانی خراپ و پڕ گەندەڵیی سێ دەیەی ڕابردوو، ئەوكاتەی لەبەردەمداماوە، تۆماری بایۆمەتریی دەنگدانیان نوێ بكەنەوە و، گوێ بەو دەنگە نەسازانە نەگرن كە لەپێناو مانەوەی خۆیاندا خەڵك لە هەڵبژاردن بێهیوا دەكەن  .

لێرەشەوە پیرۆزبایی خۆمان لە تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەین كەچەندین ساڵە بەهۆی حکومڕانی خراپی دەسەڵات دارانی هەرێمی کوردستانەوە، لە دۆخێكی سەخت و گوزەرانێكی قورسدا ژیان بەڕێدەكەن .

داوا لە دەسەڵاتداران دەكەین، داتای ورد و دروستی موچەخۆران و داهاتی نەوتی و نانەوتیی ڕادەستی بەغدا بكەن و پابەندی تەواوی بڕیارەكانی دادگای فیدرالیی بن و، بیكەنە دەرفەتێك بۆ كۆتاییهێنان بەو ستەمكاریی و برسیكردنەی كە بەهۆی ئەوانەوە بەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە .

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
ئەنجومەنی باڵا



PM:11:22:21/02/2024