لە دهۆک چالاكوانێك دەستگیركرا

ئەمڕۆ پێنج شەممە عەبدولعەزیز رەمەزان چالاكوان و نوێنەری نانەواخانەكانی دهۆک، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراو تا ئێستا چارەنوسی نادیارە.

ئەیهان سەعید چالاكوان و بەرگریكاری مافەكانی مرۆڤ لە پارێزگای دهۆك، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە" ناوبراو پێشتر بەهۆی بڕیارەكەی حكومەت بۆ هەرزانكردنی نان و دروستبونی فشار لەسەر نانەواخانەكان، هاوشێوەی ئیدریسی نانەوای هەولێر چەندینجار ناڕەزایەتی دەربڕیوە و چەندین چالاكی مەدەنی ئەنجامداوە". 

دەشڵێت" عەبدولعەزیزی نانەوا کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلایەن ئاسایشی گشتی دهۆكەوە بانگهێشتكراوە و بەبێ هەبونی بڕیاری دادگا دەستبەسەركراوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە". 

هەر ئەمڕۆ ئومێد بەرۆشكی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە دهۆك لە ماڵەكەی خۆیدا بۆجارێکی دیکە دەستگیركرایەوە. 


PM:07:31:22/02/2024