کەشناسی هەرێم وادەی دەستپێکردنەوەی بارانبارینی ڕاگەیاند

بەیانی ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ بەگشتی لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، نمە بارانی کەم دەبارێت لە ناوچە جیاجیاکان بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، هەروەها ئەگەری بارینی کەمێک بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان هەیە، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٨ – ٩)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە هەندێ کات و ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، ئەگەری نمە بارانێکی کەم هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان، هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٨ – ١٠) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ کەمێک بەرزدەبنەوە. 


AM:10:46:23/02/2024