"تورکیا بە تەنها ناتوانێت درێژە بە هێرش و داگیرکارییەکانی بدات"

کەنەکە لە راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی هێرشه‌كانی دەوڵەتی توركیا بۆسه‌ر خاكی هه‌رێم دەڵێت" تورکیا بە تەنیا ناتوانێت درێژە بە هێرش و داگیرکارییەکانی بدات ئەگەر بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت". 

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی (سپی) نێردراوە، ڕایگەیاندووە" ڕۆژی ٢١ی ئه‌م مانگه‌ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە لە ناوچەی بێهدینان هێرشیانکردە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی (بەشیر عومەر عەلی و عارف تەها) خەڵکی گوندی کافیە لەسەر دینارت شەهیدکرد، ئەو شەهیدانە خەڵکی سڤیل بوون و لەگەڵ خەڵکی گوندەکەدا لە باخ و کێڵگەکانیان پێکەوە کاریان دەکرد، ئەوەش یەکەمجار نییە کە دەوڵەتی توركیا بە هێرشەکانی خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج، لە ساڵانی ڕابردودا نزیکەی هه‌زار و ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لە هەمان ناوچەدا تووشی هێرشی لەو شێوەیە بوون و گیانیان لەدەستداوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دەوڵەتی تورکیا بە تەنیا ناتوانێت درێژە بە هێرش و داگیرکارییەکانی بدات ئەگەر بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەک و  و هاوکاری یارمەتی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت، ئەم هێرشانەی تورکیا بە دڵی حکومەت و دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەربۆیە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی پارتی گرنگی بە ناوچەکە و  خەڵکی مەدەنی نادەن، تا ئەمڕۆش هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر بەو هێرشانە دەرنەبڕیووە و ئیدانەیان نەکردووە". 

کەنەکە لەکۆتایی بەیاننامەکەدا داوا لە هەموو هێزە کوردی و کوردستانیانیەکان دەکات کە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزن، هەڵوێستی توند بەرامبەر ئەو هێرشانە نیشان بدەن و شەرمەزاریان بکەن.


PM:12:05:23/02/2024