لە سنوری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ هەشت کەس برینداربوون و دوو کەسی دیکەش گیانیان لەدەستدا.
عەمید ئەبولفەزل کەهزادی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ئیلام، لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە" لەسەر رێگەی سەرەکی (ئیلام - مێهران)ی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری (پیژۆ و سەمەند) ڕوویداوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ڕووداوەکە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای ڕووداوەکەوە تیمەکانی پۆلیس و فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سەرەتای نەورۆزی ساڵی ڕابردووەوە تائێستا زیاتر لە (١٢) هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و (٣٠٠) هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.