"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڕیارێکی سیاسیە و نەحەزانی کوردستان ئەو بڕیارەیان داوە"

بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی سیاسیە و نەحەزانی کوردستان ئەو بڕیارەیان داوە، هەر لایەنێکیش بە بڕیارەکە خۆشحاڵ بێت، واتە خۆشحاڵە کە ئیهانەی خەڵکی کوردستان دەکرێت و چۆتە سەنگەری ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە". 

ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی مافی پێکهاتەکان پێشێلکراوە، جگە لەوەی هیچ حسابێک بۆ سەروەری هەرێمی کوردستان نەکراوە، هەر لایەنێکی سیاسی بەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی خۆشحاڵ بێت، واتە خۆشحاڵە کە ئیهانەی خەڵکی کوردستان دەکرێت وە چۆتە سەنگەری ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە". 

وتیشی" ئەمە بڕیارێکی سیاسیە ناحەزانی خەڵکی کوردستان ئەم بڕیارەیان داوە، نابێت گۆڕان و یەکێتی بچنە سەنگەری ناحەزانی خەڵکی کوردستانەوە، چونکە هەموومان بەرپرسیارێتیەکی قورسی ئەخلاقی و نیشتیمانیمان لەسەرە". 

ئاری هەرسین دەشڵێت" پاڵپشتی یەکێتی و لایەنەکان بۆ بڕیارەکە خۆ جیاکردنەوەیە، هەم خوشک و برایان لە یەکێتی هەم لە گۆڕان ئەوان بیریان دەچێتەوە کە بابەتەکە بەرژەوەندی پارتی نییە، بەرژەوەندی خەڵك و سەروەری و پێگەی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر ئەوان خۆیان بە بەشێک لەوە نابینن ئەوە شتێکی ترە". 

ڕاشیگەیاند" ئێمە لە هەرێم حکومەتمان هەیە، حکومەتی هەرێم بە تاکید هەموو هەنگاوێک دەنێت بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە چەوتە ڕاستبکاتەوە، وەک پارتیش لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەبێت هەڵوێستێکی چوونیەکمان هەبێت، چونکە ئەمە شتێک نییە تەنها بەرامبەر پارتی کرابێت، دژی یەکێتی و برا ئۆپۆزسیۆنەکانیش کراوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بکەین بۆئەوەی ئەم پێشێلکاریەی بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کراوە بەری پێبگرین". 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کە هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە (١١١) کورسییەوە بۆ (١٠٠) کورسی کەمدەکرێتەوە و کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لابران.


PM:09:01:25/02/2024