شەپۆلێکی چڕی بارانبارین و سەرما ڕوو لە هەرێم دەکات

کەشناسێکی دیاری عێراق پێشبینییەکانی کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە شەپۆلێکی سەرمای توند ڕوو لە وڵات دەکات. 

سادق عەتیە شارەزای بواری کەشناسی، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە" لە ئەنجامی کاریگەری بارودۆخێکی کەشوهەوای لاواز و خێرا لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەوە پێشبینیدەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین بەشێوەی نمە باران ڕوو لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بکات". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەوە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خێرایی با (٥٠) کم لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات. 

ئەوەشی خستەڕوو،  لە شەوی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بارانبارین و سەرمای توند ڕوو لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێم دەکات و تا بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت. 

ئەو کەشناسەی عێراق پێشبینیش دەکات، کاریگەری لەسەر هەموو شارەکان دەبێت و بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر باکور و ڕۆژئاوای وڵات دەبێت.


AM:09:06:27/02/2024