ڤیدیۆ.. کیژان لە یادی ٨ی مارسدا نوێترین بەرهەمی بڵاودەکاتەوە

گۆرانیبێژی ناسراوی دیاری کورد کیژان ئیبراهیم خەیات، بەبۆنەی یادی ٨ی مارس نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی (با وەك خۆم بم) بڵاودەكاتەوە.

کیژان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئاماژەی بەوەکردووە کە بەرهەمێکی نوێی بە ناوی (با وەک خۆم بم)، ئامادەیە و ڕۆژی ٨ی مانگی داهاتوو کە ئەو ڕۆژە تایبەتە بە ڕۆژی جیهانی ژنان، بەر‌هەمە نوێکەی بڵاودەکاتەوە. 

ئاواز و هۆنراوەی بەرهەمە نوێکەی کیژان لە ئامادەکردنی خۆیەتی و كاری میوزیك و دابەشكردنی لەلایەن ئەفشین شوكری بۆ كراوە، بافڵ سەرهەنگ كاری دەرهێنانی بۆ کلیپەکە ئەنجامداوە و پەیامەکەشی ئازادی مرۆڤە بە گشتی و ژنان بە تایبەتی.

هەروەها گۆرانییە نوێکەی کیژان بە هەردوو زمانی کوردی و هۆڵەندی ئامادەکراوە و ڕۆژی ٨ی مارس بڵاودەکرێتەوە. 

كیژان ئیبراهیم  کچی هونەرمەندی گەورە ئیبراهیم خەیاتە، ده‌رچووی كۆلێژی هونه‌ری زانكۆی سلێمانییه‌، دوو برای وەک گۆرانیبێژ و پێشکەشکار کاردەکەن و ژیانی خوشکیشی لە بواری نواندندا کار دەکات و ماوەی چەند ساڵێکە هاوسەرگیری کردووە هاوسەری هونەرمەندی زیرەک میرەی پەیکەرتاشە و خاوەنی دوو مناڵن.


PM:12:01:27/02/2024