شەپۆلێكی كڕێوە و بەفر بەشێكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

بەپێی پێشبینی شارەزایانی كەشناسی، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێكی كڕێوە و بەفر بەشێكی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند" لەکاتەکانی ئێستا بەدواوە شەپۆلێکی مامناوەندی بەفر بارین ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئەگرێتەوە و بەشێوەیەکی کورتخایەن و لاوازیش لەکاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ و ئەمشەو بەھۆی نزمی پلەکانی گەرما و ھاتنی ھەور لەو ناوچانەوە ئەگەری کرێوە بەفری کەم ھەیە لەناوچە شاخاوییەکان و ناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی".

ڕوونیشی كردەوە، تا پێش نیوەڕۆی سبەی چوار شەممە ٢٨ی شوبات بەردەوامی ئەبێت و لەناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش تا سبەی ئێوارە بەفر بارین بەردەوامی ئەبێت .

ئاراس جەبار وتیشێ" بۆ سبەی چوار شەممە ٢٨ی مانگ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری ساماڵ و کەمێک پەڵە ھەوری ئەبێت و پلەکانی گەرما بە جێگیری ئەمێنێتەوە و بای باکوور و باکووری ڕۆژھەڵات لەناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ھەرێم بەردەوامی ئەبێت بەخێرای ١٥ تا ٣٠کم لە کاتژمێرێکدا".

ماوەی دوو ڕۆژە بایەكی بەهێز ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و لە هەندێك ناوچە خێراییەكەی گەیشتۆتە ١٠٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و زیانی زۆری لە دار و درەخت داوە.


PM:06:33:27/02/2024