هونەر جەمال: داواکارییەکانی حکومەتی عێراق دروستکردنی کێشەن بۆ مووچەخۆرانی هەرێم

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژە بە وە دەکات کە عێراق٨ ساڵ نەیتوانیوە هەژمار بۆ هەموو مووچە خۆرانی بکاتەوە ئێستا چۆن بە یەک مانگ دەتوانن بۆ هەرێمی بکەنەوە بۆیە ئەمە ئەمانە زیاتر بیانوو گرتن و کێشەن وەک چۆن لە ڕابردوودا درێغیان نەکردووە.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" خۆزگە ئەو پەرلەمانتارانە پرسیاریان بکردایە، خۆتان بە ٨ ساڵ نەتان توانیوە هەژمار بۆ هەموو مووچە خۆرانتان بکەنەوە ئێستا چۆن بە یەک مانگ دەتوانن بۆ هەرێمی بکەنەوە".

وتیشی" ئەمانە زیاتر بیانوو گرتن و کێشەن وەک چۆن لە ڕابردوودا درێغیان نەکردووە، هەر کاتێک ویستویانە کێشەیان بۆ بەشە بوودجەو پشکی هەرێم دروستکردووە، هەموو داواکاریەکان بیانوون و دروستکردنی کێشەن بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم راشگەیاند" هەژماری من پرۆژەیەکی گرنگەو خۆماڵیە وە کۆمەڵێک بانکی جێگەی باوەڕی تێدایە، خەڵکێکی زۆر کە لە پرۆژەکە سودیان بینیوە و چەندین خزمەتگوزاریان پێشکەشکراوە و کار ئاسانیان بۆ کراوەو مووچەیان لە کاتی خۆی وەرگرتووە، ئەوەی عێراق تەنها کارتێکە و مووچەی پێوەردەگیرێت".

هونەر جەمال دەشڵێت" بانکی حکومی لە هەرێم نییە، ئەوە ڕێگە ڕاستەکەیە کە لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەی فەرمانبەران بدرێت، بانکە فیدڕاڵیەکان لە هەرێم لقیان نییە، هەژماری من جۆرەها کار ئاسانی سەردەمیانە و خزمەتگوزاری بۆ خەڵك تێدایە، تێچووەكەشی لە عێراق کەمترە، یەکێکە لە هەرە ڕێگە باشەکان، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هەموو فەرمانبەران داخڵ دەبن".

هونەر جەمال لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە، بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند" بۆ پەرلەمانتاران ناپرسن ١٤ ملیۆن مووچەخۆری عێراق قایمەی مووچەی هەیە، قایمەی حەشدی شیعبی و دەزگا ئەمنیەکان هەیە، خانە نشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی قایمەیان هەیە، کە زیاتر لە ٧ ملیۆن کەس بە ناوی چاودێری کۆمەڵایەتیەوە مووچە وەردەگرێت، ئەم داتاو لیستانە هەیە ئاوا بیابوو بە هەرێم دەگرن".

وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم وتیشی" چاوەڕێین بە چ ڕێگایەک مووچەی ئەم مانگە دێت، دیار نییە کەی و چۆن مووچە دەدرێت، چونکە بڕیارەکەش بەتەواوی ڕوون نیە و میکانیزمەکەی چۆن دەبێت".

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، ڕۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤، تایبەت بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی کە تەنها ئەم مانگە بەپێی لیستی مووچەخۆران کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراوە پارە ڕەوانەی هەرێم دەکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت هەر مووچەخۆرێکی هەرێم هەژماری تایبەت بەخۆی لە بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت.

 لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە مانگەکانی ڕابردوودا هەوڵیداوە مووچەخۆرانی لە ڕێگەی بانکە ئەهلییەکانی هەرێمەوە ژمارەی بانکی دروستبکەن و بچنە ناو پرۆژەی "هەژماری من."



AM:12:02:28/02/2024