وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بەفر و کڕێوە ڕاگەیەندرا

بەیانی ئەومڕۆ چوارشەممە شارەزایەکی بواری کەشناسی دوایین زانیاری و پێشبینیەکانی کەشوھەوای بۆ رۆژانی داھاتوو بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە کاتەکانی پاشنیوەرۆی ئەمڕۆوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە شەپۆلی بەفر و کڕێوە کۆتای پێدێت و ئاسمان ساماڵ دەبێتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بوای کەشوهەوا، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیریا و نزمەپاڵەپەستۆ و بارستە ھەوای ساردی سەرەوەی بەرگەھەوا کە سەنتەرەکەی بەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەوەیە بووەتە ھۆی دروستبوونی کەشێکی سارد و ھاتنی ھەور چربوونەوەی بۆ کرێوە بەفر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکە لە کاتەکانی پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ بە دواوە لەسەر ئەو ناوچانە دەکشێتەوە و لە ئێوارەدا کۆتای پێدێت و ئاسمان ساماڵ دەبێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری وشکە سەرما و بەرزەپاڵەپەستۆکەی سیبیریا بەردەوامی دەبیت بۆ سبەی پێنجشەممە و پلەکانی گەرماش سبەی بەراورد بە ئەمرۆ (١ بۆ ٢) پلە بەرزدەبنەوە، بای باکوری رۆژھەڵات لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین بەردەوام دەبێت بەخێرای (١٥ تا ٣٠)کم. 

ئاراس جەبار لەبارەی کەشوهەوای ڕۆژی هەینی پێشبینی دەکات، کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆکەی سیبریا لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە دەکشێتەوە و کاریگەری وشکە سەرما و بای چالاکی باکوری رۆژھەڵات لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم کۆتای پێدێت و ھەر لە رۆژی ھەینیەوە پلەکانی گەرماش (٤ تا ٥) پلە لەو ناوچانەدا بەرزدەبنەوە کە زیاتر کاریگەربوون بەو شەپۆلە سەرمایە و لە ناوچەکانی دیکەشدا بەرێژەیەکی کەم بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبێنێت. 

سەبارەت بە بارانبارین لە رۆژی ھەینیەوە ئەو کەشناسە ئاماژە بەوەدەکات، تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو کەش سەقامگیر دەبێت و ئەگەر ھەیە ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو لە رێکەوتی ٤ی ئازاری ٢٠٢٤ ناوچەکان بکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و باران بەرێژەی کەم بۆ مامناوەند لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا دەستپێبکاتەوە.

هەروەها لای خۆشیەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم دەربارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ سبەی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگای سلێمانی هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر و بارانێکى کەم بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، لە کاتەکانى ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، خێراى باش (١٠ – ٢٠)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باکووری خۆرهەڵات، پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، بەڵام لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە کەمێک نزم دەبنەوە، مەوداى بینین (٨ - ١٠)کم دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ پێنج شەممە ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما (١ تا ٢) پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە، هاوکات خێرای با (١٠ بۆ ٢٠)کم دەبێت بە ئاراستەی باکووری خۆرهەڵات، مەوداى بینین (٨ - ١٠)کم دەبێت.


AM:10:24:28/02/2024