کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنن" لە ژێر هیچ پاساوێکدا پێنەدانەوەی بڕوانامە بە خوێندکاران قبوڵکراو نییە و دواکەوتنیشی بەهەمان شێوە".
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و سەرۆکایەتی زانکۆی پارێزگای سلێمانی کراوە، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە کۆلێجی زمان، بەشی وەرگێڕان ڕایدەگەیەنن" سەرەڕای ئەوەی دەرچووانی ساڵی پارین، بە فەرمی و بە یاسایی کۆتاییمان بە پڕۆسەی خوێندن هێناوە و دەرچووین لە زانکۆی سلێمانی، هەروەها لە ئاهەنگێکی کراوەدا، لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە، بە فەرمی بە دەرچوو هەژمارکراوین، بەڵام تا ئێستا بڕوانامەمان پێ نەدراوەتەوە کە مافێکی سەرەتایی هەموو خوێندکارێکە و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی زانکۆی سلێمانیشە کە ئەو مافە بدات بە هەموو خوێندکارەکانی".
دەشڵێن" زۆرێک لە خوێندکاران بێبەشبوون لە مافی کارکردن و دووبارە خوێندنەوە بۆ بڕوانامەی بەرزتر، لێرەوە داواکاری خۆمان بەرزدەکەینەوە کە هەرچۆنێکە کاروبارەکان خێراتر بکرێن و تا هەر چی زووە ئەو مافە بدرێت بە خوێندکاران".
جەختیش دەکەنەوە، ئەگەر هات و داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێن، هەڵوێستی دیکە دەگرنە بەر، لە ژێر هیچ پاساوێکدا پێنەدانەوەی بڕوانامە بە خوێندکاران قبوڵکراو نییە و دواکەوتنیشی بەهەمان شێوە.