لە پاریزگای سلێمانی پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من دەستیپێکرد

فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی ئاگاداردەکرێنەوە لە پڕکردنەوەی فۆڕمی (هەژماری من)، ئەمەش لە کاتێکدایە لە هەولێر زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر هەژماریان بۆ کراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی شوبات فەرمانبەرانی کاروباری هونەری- پارێزگای سلێمانی ئاگادارکرانەوە کە سەردانی بەشی ئایتی بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی (هەژماری من).

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند" لە مانگی ئادارەوە بە بێ کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکاندا، مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت".

هاوکات ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، دەربارەی هەژماری من ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە، و تێدا ئاماژە بەوەدەکەن کە (هەژماری من ) ڕەتدەکەنەوە.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئاماژەیان بەوەشکرد، بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەبێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە، ڕاستەوخۆ مووچەکانیان وەربگرن، بەڵام بە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو، هیچ دڵنیاییەکی مسۆگەر نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی (هەژماری من)ەوە، لەکاتی خۆیدا مووچە بدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر نزیکەی ٢١٠ هەزار فەرمانبەر لە پارێزگای هەولێر هەژماریان بۆ کراوەتەوە و نزیکەی ٨٠ هەزار فەرمانبەریش کارتی بانکیان وەرگرتووه‌ته‌وه‌، مانگی ڕابردووش نزیکەی ٣ هەزار فەرمانبەر لەڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ـی شوباتی ٢٠٢٤ پڕۆسەی ناو تۆمارکردنی فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستیپێکرد.




AM:11:50:29/02/2024