" نرخی گۆشت لە رۆژانی داهاتوودا هەرزان دەبێت "


وەزارەتی کەشتوکاڵی عێراق رایگەیاند" یەكەم كاروانی هاوردەكردنی ئاژەڵی سەربڕین گەیشتە وڵات‌و بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی گۆشت لە بازاڕەكانی وڵات لەسەر  هاوردەكردن بەردەوام دەبین".

لە  لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، وەلید محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند" دوای پشكنینی تەندروستی و ڤێتێرنەی بۆ زیاتر لە (١٧) هەزار سەر ئاژەڵ لە بەرازیل، ئیكوادۆر و كۆڵۆمبیا وەزارەتی كشتوكاڵ رەزامەندی لەسەر هاوردە كردنی دەربڕیوە كە بە كوالێتی بەرز و تایبەتمەندی زۆر باش، گۆشتەكەی دەخرێتە بازاڕەوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی" دوای بڕیاری ئاسانكردنی هاوردەكردنی ئاژەڵی سەربڕین لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، بازرگانان داوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ هاوردەكردنی گۆشت و ئاژەڵی سەربڕین دەكەن."

وەزارەتەكەی دوو مەرجی بۆ بازرگانان داناوە كە پێویستە لەكاتی هاوردەكردنی گۆشت و ئاژەڵی سەربڕین جێبەجێی بكەن، ئەویش پابەند بونیان بە مەرجەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری هەروەها لەو وڵاتانەی ئەندامی رێكخراوی تەندروستی جیهانین گۆشت و ئاژەڵ هاوردەبكەن.( وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت).

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد " بەرزبونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕەكانی ناوخۆ هیچ پاساوێكی نییە و بەپێی ئەو بەدواداچونەی وەزارەتی كشتوكاڵ كردویەتی تێچوی نرخی یەك كیلۆگرام گۆشت تەنها ١٠ هەزار دینارە".

ماوەی مانگێکە لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستان نرخی گۆشت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە کە ماوەیەکی زۆرە بەو ئەندازەیە بەرزنەبۆتەوە.



PM:10:07:02/03/2024