وادەی دەستپێکردنی دوو شەپۆلى دیکەى بارانبارین لە هەرێم راگەیەندرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێکی ھەورە بروسکە و بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزاى بواری کەشوهەوا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە لە ئەنجامی ھاتنی نزمەپاڵەپەستۆیەکی نوێ لە دەریای ناوەراستەوە و شەپۆلێکی ھەورە بروسکە و بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە و سەرەتاش کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و بە تایبەت ناوچە شاخاویەکانی سنورەکە و شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر دەرەکەوێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگشتی کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ سەرناوچەکانی دیکەی ھەرێم لاواز دەبێت، تەنھا لە ناوچە شاخاویەکان ئەگەری بارانی مامناوەند دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک نزمدەبنەوە و تا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.

ئەوەشى خستەڕوو، قۆناغی دووەمی ئەم شەپۆلە کە بەھەمان شێوە سەرچاوەکەی نزمەپاڵەپەستۆیەکانی دەریای ناوەراستە ھەفتەی داھاتوو رۆژی شەممە ٩ی ئازاری ٢٠٢٤ دەستپێدەکاتەوە و لەم قۆناغەدا بۆ زۆربەی ناوچەکان پێشبینی بارانی مامناوەند و باش دەکرێت، لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی و کاریگەری ئەم شەپۆلەش دوو بۆ سێ رۆژ ناوبەناو بەردەوام ەبێت.


AM:12:01:05/03/2024