ئەمڕۆ ٣٣مین ساڵیادی ڕاپەڕینە

٣٣  ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان تێده‌په‌ڕێت كه‌ له‌ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی ١٩٩١ گەلی کورد دژی داگیرکاری و ستەمی ڕژێمی بەعس وەستایە بە ئامانجی بەدیهێنانی چەند مافێکی سەرەتای و مرۆی و نەتەوەی.

راپەڕینەکەى گەلی کوردستان لە دەروازەی رانیەوە دەستیپێکرد. پاشان سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و تا ڕۆژی ٢١ی ئازاری ١٩٩١ دوای ئازادکردنی کەرکوک کۆتایی ھات.

کە بەو شێوەیە دام و دەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان کرانە دەرەوە و سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاونران، 
بۆیە ئەمڕۆژە لە مێژووی کورد بە رۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت.

دوای (٣٣) ساڵ لە ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی کوردی، بەڵام هاوڵاتیان پێیان وایە تائێستاش بەشێکی زۆری مافەکانیان بەدی نەهاتووە کە بەوهۆیەوە چەندین جار خۆپیشاندانی ناڕەزای بەرفراوان لە سەرجەم شارەکانی هەرێم سازکراوە.

رۆژی راپەڕینی جەماوەری گەلی کورد لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم بەمشێوەیەیە بوو:

٦ی ئازاری ١٩٩١ خەڵكی ناوچەی بازیان و هەردوو ناوچەی پشدەر راپەڕین.

٧ی ئازاری ١٩٩١ خەڵكی سلێمانی راپەرین.

٨ی ئازاری ١٩٩١ لە چەمچەماڵ، هەڵەبجە، عەربەت، زەرایەن، پیرەمەگرون ڕاپەڕین دەستیپێكرد و رێگا سەرەكییەكانی نێوان سلێمانی – كەركوك داخران.

٩ی ئازاری ١٩٩١خەڵكی كۆیە، شەقڵاوە، ئۆردگای باسرمە راپەڕین.

١٠ ئازاری ١٩٩١ خەڵكی شارۆچكەكانی سۆران، رواندز، حاجی ئۆمەران، مێرگەسوور، چۆمان، سپیلك، خەلیفان، هەریر، باتاس، مەسیف، تەق تەق، ئاغجەلەر، قەرەهەنجیر راپەڕین.

١١ی ئازاری ١٩٩١ خەڵكی شاری هەولێر راپەرین و هەمان رۆژ كۆمەڵگەكانی كەسنەزان، بنەسڵاوە، دارەتوو، قوشتەپە، شاوێس، پیرزین، مەلائۆمەر، جدیدە، تۆبزاوە، كەورگۆسك، بەحركە و بەرحوشتر ئازاد كران.

١٢ی ئازاری ١٩٩١ خەڵكی جەلەولا و خانەقین راپەڕین و هەمان رۆژ مەخموور و ئاكرێ، بجیل، سورچیایەتی، بەردەرەش، دینارتێ، زێبار، شێخان ئازادكران.

١٣ی ئازاری ١٩٩١ زاخۆ، دەشتی سلێڤان، لە گەرمیانیش كەلار و جەبارە.

١٤ ئازاری ١٩٩١ خەڵكی شاری دهۆك راپەڕین.

١٥ی ئازاری ١٩٩١ خەڵكی شارۆچكەی سیمێل راپەڕین.

١٨ی ئازاری ١٩٩١ دانیشتووانی شارۆچكەی پردێ و دەورووبەری راپەڕین.

١٩ی ئازاری ١٩٩١ دەورووبەری شاری كەركووك ئازادكرا.

٢٠ی ئازاری ١٩٩١ جەماوەری شاری كەركووك راپەڕین و شارەكە ئازادبوو.

٢١ی ئازاری ١٩٩١ ئاگری نەورۆز لە كەركوك كرایەوە.


AM:09:54:05/03/2024