بارزانی: دەستكەوتەكانی راپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، کەمێک پێش ئێستا به‌ بۆنه‌ی یادی ٣٣ ساڵه‌ی یادی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ڕایدەگەیەنێت" دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون". 

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێکدا بڵاوکردەوە" بە بۆنەی ٣٣ هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتیمانپەروەر، تێكۆشەر، ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم". 

وتیشی" ڕاپەڕین درێژكراوەی خەباتی دەیان ساڵە و بەرهەمی خۆڕاگریی و ماندووبوون و خوێنی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو و بووە دەستپێكێكی تازە و ئومێدێكی نوێ لە ژیانی گەلەكەماندا، خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکار پەیامێکی زۆر ڕوون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا هه‌بووه‌ و ده‌شمێنێ". 

دەشڵێت" دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون، لە یادی ڕاپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن، نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لە یاد بكرێن و بشێوێندرێن". 


AM:10:22:05/03/2024