سودانی چەند بڕیارێك بۆ مانگی ڕەمەزان دەردەكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت كەشێكی گونجاو بۆ ڕەمەزان بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت و دەشڵێت'' پێویستە وەرگرتنەوەی پێشینەوە و قەرزەكان ڕابگرین''.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا ڕایگەیاندووە" لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز نزیك دەبینەوە و پێویستە كەشێكی گونجاو بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت".

ڕاشیگەیاندووە" پێویستە بۆ ئەو مانگە وەرگرتنەوە و لێبڕینی پێشینەكان و قەرزی سەر هاووڵاتیان و خانەنشینان ڕابگیرێت".

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، سودانی جەختی كردۆتەوە، كە دامەزراوە ئەمنییەكان گرنگی بدەن بە دابین كردنی ژەمی گونجاو بۆ بەربانگی كارمەندان.

سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریشی داوە، وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی كشتوكاڵ بەردەوام بن لە هەوڵ و ڕێكارەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نرخی گۆشت و كەم كردنەوەی كاریگەرییەكەی لەسەر هاووڵاتیان.

وتوشیەتی" پاڵپشتی پسووڵەی خۆراك و سەبەتەی خۆراك زیاد بكرێت بە زیاد كردنی ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراك و كەم كردنەوەی باری سەر شانی هاووڵاتیان".


PM:11:20:05/03/2024