" نرخی گۆشت هەرزان دەبێت "


وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە مانگی رامەزاندا نرخی گۆشت لەسەرتاسەری عێراقدا هەرزان دەبێت.

 ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند" بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکاندا هاوردەکردنی گوێرەکە بۆ ناوخۆی عێراق بەردەوام دەبێت". ئاشکراشیکرد کە دوێنێ ١٩ هەزار سەر گوێرەکەیان هاوردە کردووە کە بەسە بۆ دابەزینی نرخی گۆشت لە رەمەزاندا.

وەزارەتی ناوبراو جەختیکردەوە، بۆ ئەوەی نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکانی عێراقدا جێگیر بکرێت، بەردەوام دەبن لە هاوردەکردنی گوێرەکە .

لە رووی تەندروستیەوە وەزارەت ئاشکرای دەکات" دوێنێ ١٩ هەزار سەر گوێرەکەیان لە بەرازیلەوە هاوردەی عێراق کردووە و وەزارەتەکەیان بە هاوکاری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری بەسرە و بنکەی ڤێتێرنەری لە بەندەری ئوم قەسر، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ پشکنینی گوێرەکەکان و دواتر دابەشکردنی بەسەر پارێزگا جیاوازەکاندا". 

ماوەی مانگێکە نرخی گۆشت لەسەرتاسەری عێراقدا بەرزبۆتەوە، بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم کێشەیە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەستیانکردووە بە هاوردەکردنی ئاژەڵ لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوەی نرخی گۆشتی سور داببەزێنن.



PM:07:18:07/03/2024