حەلبوسی لە کوردستانە بۆ پرسی پارێزگای کەرکوک

ئەمرۆ پێنج شەممە سەرۆکی حزبی تەقەدوم، محەمەد حەلبوسی سەردانی بارزانی و دواتر یەکێتی کردو، پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکانی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوکەو رێکخستنی ئیدارەکەیەتی.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " لەو سەردانەدا کە ئەمڕۆ حەلبوسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم ئەنجامی داوە، زیاتر لەسەر پرسی ئیدارەی کەرکوک و، قسەکردن بووە لەسەر دۆخی سیاسی و هەوڵدانی هەردوو لایەنی کوردی و سونە کە لە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانیدا فەرامۆش نەکرێن.

بەیانی ئەمڕۆ بەپێی راگەیاندنەکانی پارتی حەلبوسی و وەفدەکەی لەگەڵ بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوونەتەوەو وەک میدیای پارتی ئاماژەی بۆ کردووە، لە دیدارێکدا لەسەر دۆخی گشتی هەرێم و عێراق گفتوگۆکرا و جەخت لەبەردەوامی گفتوگۆی بوونیادنەرانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.

هەروەها باس لە هەماهەنگی و هاریکاری و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا دووپاتی لەسەرکراوەتەوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی دەستووریانەو یاساییانەی کێشەکانی نێوان هەردوولا و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کە ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لە وڵاتدا.

هەرچی لە دایداری وەفدی حەلبوسی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیدایە کە بافڵ تاڵەبانی ئامادەی نەبوو، وەک میدیای یەکێتی ئاماژەی بۆ کردووە لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی پرسی ئیدارەدانی كەركووك و تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک تاوتوێکراووەو، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە کراوە؛ بەشێوەیەك هەموو هەوڵەكان لەچوارچێوەی خزمەتكردنی كەركووك و هەموو نەتەوەوە پێکهاتەکان بێت بەبێ جیاوازی.

لە راگەیاندنی یەکێتیدا هاتووە " مەکتەبی سیاسی تەئکیدیان کردەوە لە هاوبەشێتی راستەقینەو کاری پێکەوەیی نێوان سەرجەم لایەنە براوەکانی کەرکوک و پاراستنی کەلتووری برایەتی و پێکەوەژیان بە شێوەیەک لە ئیدارەی نوێ کەرکوک هیچ لایەنێک فەرامۆش نەکرێت و ئەولەویەتی کارکردنی داهاتووش خزمەتکردنی کەرکوکییەکان بێت هەروەک داواشکرا لایەنەکان هاوکاربن لە نەهێشتنی بەربەستەکان و زووپێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک".

لە دوا کۆبوونەوەی سودانی سەرۆک وەزیران کە سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی کەرکوک سازکرا، دوو هەفتە دانرا بەلایەنەکان تا لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش رێکبکەون‌و، ئاماژەکانی ئەوە دەردەخەن کە رەنگە ئەوە دوا کۆبوونەوە بێت لە پێناو هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و دابەشکردنی پۆستەکان.



PM:08:40:07/03/2024