مێژووی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

چه‌ندین بیروبۆچوونی جیاواز هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی رۆژی ٨ی مارس له‌ جیهاندا،‌ به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆتایی سه‌ده‌ی ١٩ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ٢٠ كرێكارانی ژن زیاتر له‌ مه‌یدانی پیشه‌سازی جلوبه‌رگ و كارگه‌كانی رستن و چنیندا كاریان ده‌كرد.

هۆکاری دیاریکردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژن، ڕێزلێنان بوو لە بیرەوەری خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٥٧، هەلومەرجی دژواری کاری تاقەتپڕوکێن و هەقدەستی کەمی کرێکارانی ژن، کە لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ لە وەڵاتانی خاوەن پیشەسازی شانبەشان لەگەڵ پیاوان هاتبونە بازاڕی کارەوە، ئەوانی ناچار دەکرد ناڕەزایەتی دەربڕن و بێنە کۆڕی خەباتی یەکسانی خوازیەوە. 

لەم رۆژەدا کرێکارانی ژن لە کارگەیەکی چنین و ڕستن، دەستیاندایە مانگرتن بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هەلومەرجی دژواری ئیش و خراپی هەقدەستیان، بیرەوەری ئەم مانگرتنە لە لای کرێکارانی ئەم بەشە مایەوە و ناڕەزایەتی گشتی لەم بارودۆخە لای ژنانی کرێکار بەردەوام بوو.

٨ی مارسی ١٩٠٨ دووای نیو سەدە، ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی کەتان لە شاری نیۆرک لە ساڵیادی ئەو مانگرتنانە، بەهۆی هەژاری و گوشاری زۆری کار و هەقدەستی کەم دەستیاندایە مانگرتن، خاوەنکار و پاسەوانەکانی کارگەکە بۆ سەرکوتکردن پێشگرتن لە سەرانسەری بونەوەی لە ناو بەشەکانی تر، ئەو ژنە مانگرتوانە لە شوێنەکەی خۆیان دەستگیرکران، بە هۆکاری نەزانراو ئاگر لە کارگەکە کەوتەوە و تەنها ژمارەیەکی کەم دەربازیان دەبێت، ١٢٩ کرێکاری ژن لەو ئاگردا گیانیان لەدەستدا. 

یەکەمین ڕۆژی جیهانی ژن لە مانگی مارسی ١٩١١ لە دانیمارک، ئەڵمانیا، نەمسا، سویسرا و ئەمریکا بەڕێوەچوو کە سەرەکیترین داواکارییەکانیان بریتی بوون لە یاسایەک بۆ پاڵپشتی کرێکارانی ژن، مافی دەنگدان و بەژداری لە هەڵبژاردن، دژایەتیکردن شەڕی ئەمپریالیزمی نێودەوڵەتی، هەقدەستی یەکسان بۆ ژن و پیاو لە کاری یەکسان، ٨ کاتژمێر، پشتگری لە دایک و منداڵی ساوا و دیاریکردن لانیکەمی هەقدەست، هەروەها بێجکە لەو داخوازیانە، داخوازی مافی منداڵ لەباربردن و داکۆکی لە دایکان بوو بە زەرورەتێکی گەورە کە ساڵانە بەهۆی نالەباری ئابوری ئەوروپا نزیکەی یەک ملیۆن ژن ناچاربوون منداڵ لەبار بەرن، لەبەر ئەوەی توانایی بەخێوکردنیان نەبوو.

لە ئێستاشدا ٨ی مارس لە زۆربەی زۆری ولاتانی دونیا هەموو ساڵێک ئەم یادە بەڕێوەدەچێت و وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی گشتی بە بندەستی و توندو تیژی بەرانبەر بە ژنان، هەر وەها ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە ئاگری ئەم خەباتەیان هەڵگیرسان بۆ باشترکردن دۆخی ژنان.

هەروەها لە زۆربەی وڵاتانی جیهان مافی دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری هەڵسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە رەسمی ناسرا، بەڵام هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە چوارچێوەی خێزان، کۆمەڵگە یان شوێنی کار ژنان ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، یاسای مەزهەبی و پیاوسالاری دژە ژن لە زۆر وڵاتی دواکەوتوی جیهان ژنان ئازار دەدات و کاری پێدەکرێت. 

ژنان و منداڵان گەورەترین قوربانی ئاوارەیی شەڕەکانن، دیاریکردنی جلوبەرگ بۆ ژنان، حیجابی زۆرەملی، قاچاخ و کڕین و فرۆشتنی ژنان، دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی، توندوتیژی و تیرۆر لە ژێر ناوی ناموس و شەرەف و …هتد، نمونەی ئاشکران کە ڕۆژانە وەک دیاردەی ئاسایی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت.


AM:09:09:08/03/2024