" نابین بە بەشێک لە پرۆژەی نەکوڵاو "


پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان رایگەیاند " بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانتاری کوردستان نابین بە بەشێک لە پرۆژەیەکی نەکوڵاو".

عەبدوڵای مەلا نوری لەسەر خۆكاندیدكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان ڕونكردنەوەیەكی بۆ رای گشتی بڵاوكردۆتەوەو، دڵێت " ناوی من هێنراوە وەک بەشێک لە جوڵەو پرۆسەی کاندیدبون و لیست دروستکردن".

لەو نووسینەدا هاتووە " لێرەوە رایدەگەیەنم: سەرجەم ئەو هەواڵانە، بە مەبەست دروستکراون و لەڕاستییەوە دوورن."

لە درێژەی پۆستەکەیدا دەڵێت " سەرەڕای پرسیارو سەرنجی جدیم، هەتا ئێستاش، لە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن؛ بەڵام دوای ئەو ڕەوشە تازەیەی، کە بە هۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیەوە لە مەڕ سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاتوەتە ئاراوە، ئا لێرەوە منیش دەچمە پاڵ ئەو دەیان و سەدان کەسایەتی و هاووڵاتیانەی، کە لێرەو لەوێ ڕایان وایە: ئەگەر نیەتێکی راستەقینە هەبوبێت، ئەوا ئێستا کاتیەتی و زەمینەی کاری هاوبەش و فراوان لە بارتر و پێویست ترە، بەراورد بەڕابردوو."

" لەم سۆنگەیەوە: ئەگەر هاوپەیمانی و بەرەیەکی یەکگرتوو لە حیزب و گروپ و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیەکان دروست ببێت، بەرامبەر بە بەرەی دەسەڵات و، لە یەک لیستی پەرلەمانیدا کۆببنەوە، ئەوا رەنگە پێکەوە ببنە ژمارەیەکی (حساب بۆ کراو) و ئەنجامێکی دڵخۆشکەری هەبێت".( عەبدولآی مەلا نوری ).

لە ئاستی نەبوونی لیستێکی وەهادا دەڵێت " خۆ ئەگەر بە پەرتەوازەیی بەشداری بکەن، ئەوا زەحمەتە بەدیلێک دروست ببێت. بگرە دیسان هەڵبژاردن دەبێتەوە، بە رێوڕەسمی شەرعیەتدانەوە بە دەسەڵات".

دەشڵێت "بۆیە، ئەگەر ئەو بژاردەیەی سەرەوە ڕوبدات، ئەوا ئێمەومانان بەبێ ئەوەی خۆمان کاندیدبین، بە ئاشکرا پشتیوانێکی باش دەبین، بۆ ئەو پێکەوەبونە و، لە سەرەتاوە تا کۆتایی چیشمان لە سەربێت درێغی ناکەین.

خۆ ئەگەر نەبوو، ئەوا نەبوین و نابینە بەشێک لە دەنگە دەنگ و، وردە جوڵەو پرۆژەی نەکوڵاو".



PM:09:01:08/03/2024