یونیسێف: ٣٠ ملیۆن ژن و کچ لە هەشت ساڵی رابردوودا لە جیهان خەتەنە کراون

(یونیسێف)، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەریدەخات زیاتر لە ٣٠ ملیۆن ژن و کچ لە جیهاندا خەتەنە کراون و زۆربەیان لە ئەفریقا دەژین.

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) مەزەندەی کردووە کە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس خەتەنە کراون، و بەشێک یان تەواوی ئەندامی زاوزێیان بە هۆکاری ناپزیشکی لابراون.

یونیسێف رایگەیاندووە" ڕێژەی ئەو ژنان و کچانەی کە خەتەنەکردنیان هەیە لە دابەزیندایە، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی ئەو کارە زۆر بە هێواشی دەڕۆن بۆئەو ژمارەی دانیشتووانەی کە بە خێرایی گەشە دەکەن".

کاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕەوتێکی "نیگەرانکەر" کە تێیدا کچان زیاتر لە تەمەنێکی بچووکتردا خەتەنە دەکرێن، تەنانەت پێش پێنجەمین ساڵیادی لەدایک بوونیان، کە بە وتەی خۆی مەودای دەستێوەردانی خۆپارێزی سنووردار دەکات، و خەتەنەکردنی مێینە کە بە هەڵە پێیان وایە کۆنتڕۆڵی سێکسییەتیان دەکات، دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی قورس و تەنانەت مردنیش.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی یونیسێف، تەنها لە ئەفریقا نزیکەی ١٤٤ ملیۆن ژن و کچ خەتەنە دەکرێن، دوای ئەویش ئاسیا بە ٨٠ ملیۆن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ٦ ملیۆن خەتەنە دەکرێت.

سۆماڵ لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانەیە کە خەتەنەکردنی مێینە ئەنجام دەدەن، ٩٩%ی دانیشتوانی مێینە کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٤٩ ساڵدایە لەم وڵاتە خەتەنەیان کردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە نێو وڵاتانی قەیراناویدا، ئەسیوپیا، نەیجیریا و سودان زۆرترین ژمارەی کچان و ژنانی خەتەنەکراویان هەیە.

هەرچەندە ڕاپۆرتەکە پێشوازی لەو پێشکەوتنانە دەکات کە لە هەندێک وڵاتدا بەدیهاتووە، بەڵام هۆشداری دەدات کەمترە لەوەی کە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بنبڕکردنی خەتەنەکردنی ژنان تا ساڵی ٢٠٣٠.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "لە هەندێک وڵاتدا، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە تا ساڵی ٢٠٣٠، پێشکەوتن پێویستە ١٠ هێندە خێراتر بێت".

کچان لە تەمەنی جیاوازدا لە کۆرپەییەوە تا هەرزەکاری ئەم ڕێکارە ئەنجام دەدەن، خەتەنەکردن لە ئافرەتاندا ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی درێژخایەن وەک هەوکردنی بۆری میز، کێشەی سوڕی مانگانە، ئازار، کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی، ئاڵۆزییەکانی منداڵبوون، هەروەها خەمۆکی، کەمی متمانە بەخۆبوون، و تێکچوونی فشاری دوای کارەسات.






AM:11:24:09/03/2024