ئێران لە ریزبەندی یەکەمی لەسێدارەدانی ژنان لە جیهاندایە

ئێران لە لوتکەی ئەو وڵاتانە دایە کە ژنان لەسێدارە دەدەن بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تا ٢٠٢٣ لانیکەم ٢١٠ ژن لەسێدارە دراون. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێران بە لەسێدارەدانی لانیکەم ٢٢ ژن لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لە لوتکەی ئەو وڵاتانەیە کە ژنان لە جیهاندا لە سێدارە دەدەن.

بەگوێرەی ئەم ڕێکخراوە، ئەم ئامارە هەروەها بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ساڵانەی ژنانە لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، بەم شێوەیە لە ساڵی ٢٠١٠ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ٢١٠ ژن لە سێدارە دراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٥ لە ژنە لە سێدارە دراوەکان بە تاوانی کوشتن سزا دراون، ٣ ژن بە تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دراون، ژنێکیش بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نووسیویەتی ناسنامەی ٨ لە ژنە ئێعدامکراوەکان نادیارە و تۆمەتی ٣ کەسیان نادیارە و دەشڵێت" ٥ لە ژنە ئێعدامکراوەکان خەڵکی کەمینەی نەتەوەیی بەلووچ بوون، ٦ ژن بە تاوانی کوشتنی مێردەکانیان لە سێدارە دراون ، و لانیکەم ٢ لەو ژنانە منداڵ بوون".

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرچاوە فەرمییەکان تەنیا ٢ لەو ئێعدامانەیان ڕاگەیاندووە.

لای خۆیەوە لە ڕاپۆرتێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ( هەنگاو) نووسیویەتی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢٢ ژن لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارە دەدرێن، ٣٢٥ ژنە چالاکوان دەستگیردەکرێن و ١٤٧ ژنە چالاکوان زیندانی دەکرێن، هەروەها نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو ژنانەی ساڵی ڕابردوو دەستگیرکراون، کوردن.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە کۆی گشتی پێشێلکارییەکانی مافی ژنان لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، ٥٣% لە شێوەی دەستبەسەرکردندا بووە، ٢٤ کەس % لە شێوەی سزادان، ٢٠% لە شێوەی ژنکوژی و ٣% لە شێوەی لەسێدارەدان ئەنجامدراوە.




PM:12:23:09/03/2024