لە مانگی رەمەزاندا شەپۆلێكی بارانبارین سەرانسەری ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" لە مانگی رەمەزاندا ئەگەری روودانی لافاو بەهۆی بارانبارینی زۆر هەیە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" ئەمڕۆ و سبەی تاوەباران و بروسكە بەڕێژەی جیاواز لە ناوچە و شوێنی جیاجیادا دەبێت، ئێوارەی سبەی یەكشەممەش كۆتایی بەو حاڵەتە دێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی دووشەممە لەگەڵ یەكەم رۆژی ڕەمەزان، كەشێكی سەقامگیر و وشك ناوچەكانمان دەگرێتەوە، پلەكانی گەرماش بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بە تایبەت لە رۆژی چوارشەممە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤ پێشبینی دەكرێت هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە، بكەوێتە ژێر كاریگەری بارستە هەوایەكی گەرمی باكوری ئەفریقا و پلەی گەرما لە سەنتەری پارێزگاكانی هەرێم، بۆ زیاتر لە ٢٠ پلەی سەدی بەرزببێتەوە، لە ناوچەكانی گەرمیانیش بۆ زیاتر لە ٢٥ پلە و ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بۆ زیاتر لە ٢٨ پلە و كەشێكی بەهارە دروست دەبێت و تا ١٧ی ئەم مانگە كاریگەرییەكانی بەردەوام دەبێت .

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی نێوان ١٧ بۆ ٢٠ی ئەم مانگە پێشبینیدەكرێت نزمە پاڵەپەستۆی گەرم و شێدارەكانی سەر سوودان و دەریای سوور، چالاك ببنەوە بە ڕووی ناوچەكەدا و شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین و هەورەبروسكە، سەرانسەری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و زۆر لە ناوچەكانی عێراق و سعودیە بگرێتەوە، لە هەندێ ناوچەشدا بارانی بەخوڕ و لافاو دەبێت، لەگەڵ بارینی تەرزەی گەورە، دوابەدوای ئەوە، ئەگەر هەیە لە رۆژانی نەورۆز و بۆ دواتریش یەك دوو شەپۆلی تری بارانبارین لە دەریای ناوەڕاستەوە، ناوچەكانی هەرێم بگرێتەوە كە ئەم شەپۆلانە بارستە هەوای ساردیان لەگەڵ دەبێت و كەشی زستانە دەهێننەوە بۆ ناوچەكە. 


PM:03:20:09/03/2024