شەپۆلێکى نوێی بارانبارین ڕوو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکى باران بارینى بەلێزمە ڕوو لە هەرێم دەکات". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤ بارستە هەوایەکی گەرم و وشک لە باکووری ئەفەریقاوە بڵاودەبێتەوە و هەڵدەکشێ بە رووی ناوچەکانی سعودییە و عێراق و هەرێمی کوردستان، پلەکانی گەرماش بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی چوارشەممەش کاریگەری ئەو بارستە هەوایە زیاتر دەبێت و پلەی گەرمی لە سەنتەری پارێزگاکانی هەرێم بۆ زیاتر لە ٢٠ پلە و تا نزیکەی ٢٥ پلە بەرزدەبنەوە، لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیانیش بۆ زیاتر لە ٢٥ پلە بەرزدەبنەوە.

ئاراس جەبار لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەری ئەو گەرما بەهارییە تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت کە بە درێژایی ئەو ماوەیە ئاسمانی هەرێم زۆرینەی کاتەکان خۆرەتاو دەبێت و هەندێک کاتیش هەوری بێبارانی تەنک و بەرزدەبینرێت، خێرایی باش لەسەرخۆ دەبێت.

باسی لەوەشکردووە، سەرەتای هەفتەی داهاتووش بارستە هەوایەکی زۆر شێدار لە دەریای سوورەوە پەرەدەسێنێت بۆسەر ناوچەکانى هەرێم و تا ٢٠ى مانگ بەردەوام دەبێت و خۆی لە بارانی بە لێزمە و تاوە بارانی تەرزە و بارانی بە خوڕ و چالاکبوونی هەورە بروسکەی توند دەبینێتەوە.


AM:12:03:12/03/2024