لیستی میلەتی توركمانی بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەکات

دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، حزبی میلەتی توركمانی بایكۆتی خۆی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند. 

ئازاد كورەچی سەرۆكی لیستی میللەت لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی ئازاری ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" ئێمە وەک لیستی میللەت لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان کورسییەکمان بەدەست هێنا لە کورسییەکانی کۆتای پەرلەمانی کوردستان، پاش بڕیاری دادگای فیدراڵی کە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی كەمكرایەوە، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کورسییەکانی کۆتا کە بۆ پێکهاتەی تورکمان، کلدان، ئاسوور و ئەرمەن دابینکرابوون". 

دەشڵێت" لیستی میلەت بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات تا كورسییەكانی كۆتای پێكهاتەكان دەگەڕێتەوە، چونكە كورسی كۆتاكان مافێكی سیاسی بوو بۆ پێكهاتەكان كە لە پەرلەمانی كوردستان كاتی خۆی بڕیاری لەسەر درابوو". 

سەرۆكی لیستی میللەت ڕاشیگەیاندووە" هەڵوەشاندنەوەی کورسییەکانی کۆتا لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان نییە، بەڵكو لە دژی پێکهاتەکانە، چونکە کورسییەکانی کۆتا لەم قۆناغەدا بۆ پێکهاتەکان پێویستە، پێکهاتەکان ئێستا لە بارێکی تەندروست نین". 

ئازاد کورەچی لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا داواش لە حزبە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات کە داکۆکی لە گەڕانەوەی کورسییەکانی کۆتا بکەن و هەڵوێستێکی مێژووییانەیان هەبێت، تا ئەو پێکەوە ژیانە لە کوردستان هەیە ناشرین نەکرێت. 

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەپێی بڕیاری نوێی دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ١٠٠ کورسی کەمکراوەتەوە و کورسی کۆتاکان نەماوە، هەروەها بڕیارە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکات. 


PM:04:32:14/03/2024