" سپی " زانیاری لە بارەی کوژرانی پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە بڵاودەکاتەوە

ئەمشەو شەممە ١٦ ی ئازار لە گوندی زڕگوێز لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی کە بنکەکانی هەر سێ کۆمەڵەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا نیشتەجێیە، پێشمەرگەیەکی  کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەکوژرێت.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " ئەو کەسەی کوژراوە پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران( باڵی عەبدوڵای موهتەدییە)و ناوی ( شوعەیبی زراعەیە)و هیچ پۆستێکی نییە.

ئەو پێشمەرگەیە بە فیشەک لەلایەن پێشمەرگەیەکی تری خۆیانەوە کوژراوە.

lلە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا عەبدوڵای ئازەربار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاندووە "ئێوارەی ئەمڕۆ لە زڕگوێزەڵە نزیک سلێمانی کەسێک بەناوی شوعەیب زارەعی کە ماوەی نزیکەی حەوت ساڵە ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێرانە لە لایەن یەکێک لە پێشمەرگە کۆنەکانیانەوە کوژراوە".

هەروەها دەشڵێت "ئەو کەسەی کوژراوە تەمەنی ٣٦ ساڵە و ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە و ماوەی نۆساڵە پێشمەرگەیە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە و لەسلێمانیش بەخاک دەسپێرێت".

"بکوژەکە بە ماتۆڕی کوژراوەکەی شوعەیب هەڵدێت، شوێنەکە بەجێدەهێڵێت و دواتر لە پێنجوێن لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیردەکرێت".( عەبدوڵا ئازەربار رایگەیاندووە).

هاتووشە "ئەو کەسەش پێشتر پێشمەرگەی کۆمەڵە بووە، بەڵام لەلایەن کۆمیتەی ئەمنییەتەوە رێگەی چوون بۆ ناو کەمپ و بارەگاکانی حیزبی لێقەدەغەکراوە، بەڵام بەهۆی هاوڕێیەتییەوە توانیوویەتی زەفەر بە شوعەیب زارعی ببات و بەمەبەستی سەرەخۆشی لە کۆچی دوایی باوکی هاتووەتە لای و کوشتوویەتی".

هاوکات کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تیرۆرکردنی ئەو ئەندامەیان تۆمەتبار دەکات. 




PM:09:02:16/03/2024