بۆ دووەم رۆژە ژمارەیەک فەرمانگەی سلێمانی بەردەوامن لە بایکۆت

بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، بۆ دووەم رۆژە لە ژمارەیەک فەرمانگەی گرنگی پارێزگای سلێمانی درێژە بە بایکۆت دەدرێت.

پەیامنێری ( سپی ) ئاماژە بۆ ئەوە دەکاتە ئەمڕۆش دوو شەممە ١٨ ی ئازار فەرمانبەرانی خانەنشینی پێشمەرگە، کارمەندانی بانکی مەڵکەندی، کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ بەردەوامن لە بایکۆتکردن.

دوێنێش مامۆستایانی ناڕازی کە نزیکی مانگێکە گەڕاونەتەوە پۆلەکانی خوێندن لە راگەیاندنێکدا هەڕەشەی سەرلەنوێ خۆپیشاندان و بایکۆتی بەرفراوان دەکەن.

پێشبینی دەکرێت گەر ئەمڕۆ دەستنەکرێت بە دابەشکردنی مووچە بایکۆت و ناڕەزایییەتییەکان و خۆپیشاندان بەرفراون بێت و بەتەواوی کاروبارەکانی حکومەتی هەرێم لە سنوری سلێمانی تووشی شکست بێت.

ماوەی ٥٠ رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، هەروەها ساڵی رابردووش سێ مووچەیان وەرنەگرت.



AM:10:05:18/03/2024