نەوەی نوێ: ئەگەر بەو پارەیە مووچەمان دابەشنەکرد لە سێدارەمان بدەن


نەوەی نوێ لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە بەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی ، رایدەگەیەنێت" ئەو پارەیەی بەغدامان تەسلیم بکەن لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و هاوکاریی هاوپەیمانان ئەگەر مووچەمان دابەشنەکرد با لە سێدارەمان بدەن.

نەوەی نوێ لە راگەیاندنێکدا بەناونیشانی " وەڵامێکی کورتی بۆ وتەبێژی حکومەتی ماوە بەسەرچوو" دەڵێت "  ‎حوکمڕانیی باش ئەوەیە خۆی بکاتە قوربانیی لەپێناو خەڵک نەک هەموو خەڵک بکاتە قوربانیی لەپێناو مەرامەکانی خۆی". ‎

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا دەڵێن " ئەم مانگە پیرۆزە دەرفەتێکە بۆ پاکبوونەوە و گەڕانەوە بۆڕێگای ڕاست کەچی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە وەکچۆن مووچەی خەڵک بۆ گیرفانی خۆی دەبات کەچی خەریکە خەڵک و ئێمەش تاوانبار دەکات. لە تازەترین داهێنانیشیدا وتەبێژی حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت بۆیە مووچە دابەش ناکەین چونکە ئەو پارەیەی بەغداد ناردوویەتی بەشی مووچە ناکات. ‎ئەوەی پارتی و یەکێتیی داوای دەکەن مووچەی خەڵک نییە بەڵکو ئەو سەدان ملیار دۆلارەیە کەبەناوی موووچەی هاوڵاتییانەوە بۆ دوو بنەماڵە وەریاندەگرت و ئێستا لێیانبڕاوە".

" ‎لێرەشەوە وەکو تەحەدایەک بۆ دەسەڵات با ئەو پارەیەی بەغدامان تەسلیم بکەن لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و هاوکاریی هاوپەیمانان ئەگەر مووچەمان دابەشنەکرد با لە سێدارەمان بدەن. ‎بەدەسەڵاتیش دەڵێین ئەوەی جاران بۆتان چۆتەسەر ئیتر نەوەی نوێ ناهێڵێت بۆتان بچێتەسەر و هاوڵاتیانیش دڵنیادەکەینەوە کە مافەکانیان وەردەگرین و تەمەنی ئەم دەسەڵاتە لە کۆتاییەکەیدایە".( نەوەی نوێ وا دەلێت).

هەفتەی رابردوو بە دوو گووژم بڕی بەغدا بڕێ ٥٦٩ ملیار و ٧٨٢ ملیۆن دیناری نارد بۆ هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە دابەشی نەکات تا پارەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە وشەهیدانیش دەنێرن، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو خەڵکدا دروستکردووە..



PM:01:31:18/03/2024