دوو شه‌پۆلی دیكه‌ی به‌هێزی بارانبارین هەرێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌

شارەزایەکی بواری کەشناسی کەمێک پێش ئێستا پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و تێیدا پێشبینی دەکات کە دوو شەپۆلی دیکەی بەهێزی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە و پارێزگای دهۆکیش زۆرترین بارانی لێدەبارێت. 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و دەڵێت" سەرەتا بارانبارینی پچر پچر و رێژە کەم بۆ مامناوەند ئەمڕۆ تا کاتەکانی ئێوارە بەردەوامی دەبێت و دواتر لە شەودا کەش لە زۆربەی ناوچەکان سەقامگیر دەبێتەوە و بۆ سبەی پێنجشەممە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی نوێ لە تورکیاوە درێژ دەبێتەوە بۆسەر ناوچەکانی باکوری سوریا و سنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە و ناوچەی شاخاوی پارێزگای ھەولێر و ئاسمان لەو ناوچانەدا ھەوری تەواو دەبێت و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بارانی رێژە مامناوەند و پچر پچر لە کاتی جیاجیادا و پلەکانی گەرماش بەنزمی دەمێنێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بارانە ناوچەکانی ناوەندی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و سنوری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە ناگرێتەوە و کەش سەقامگیردەبێت و ئاسمان بە زۆری نیمچە ھەور دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ (دوو تا سێ) پلە بەرزدەبنەوە ، خێرای با ١٠- ٢٠ کم بە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژھەڵات چالاک دەبێت.  

ئەوەشی خستەڕوو، لە درەنگانی سبەی شەودا بۆ رۆژی ھەینی کاریگەری شەپۆلەکەی تورکیا لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر چالاکتر دەبێت و دووبارە لە سنوری پارێزگای دھۆک پێشبینی بارانیکی زۆر دەکرێت کە لە ھەندێ ناوچەدا ئەگەری دروستبوونەوەی لافاویش دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت، ھەرچی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانە کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەریان لاواز دەبێت و تەنھا ھەندێک کات نمە باران بۆ تاوە بارانێکی مامناوەند و کورت خایان دەبارێت و تا ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت. 

ئاراس جەبار پێشبینیش دەکات، قۆناخی دواتر لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە نزمەپاڵەپەستۆیەکی نوێ لە دەریای سور و ناوەراستەوە کاریگەریەکانی درێژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بارستە ھەوایەکی شێداری لەگەڵ دەبێت و ناسەقامگیری بەرگەھەوا دروست دەکاتەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە چالاکبوونی ھەورە بروسکە و لێزمە باران و تەرزە، لەم قۆناخەشدا گۆڕانکاری روونەدات بە تایبەت لە کاتەکانی شەوی یەکشەممە لەسەر بەرەبەیانی دووشەمە  ئەگەر ھەیە ھەورە بروسکەی بەھێز بەسەر ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا و پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی چالاک ببێتەوە و تەرزە و بارانی بەھێز و بەخوڕ ببارێت کە ئەمەش مەترسیەکانی لافاو لەو ناوچانەدا زیاتر دەکات کە لە ماوەی رۆژی ڕابردوودا بارانێکی زۆر لە پارێزگای دھۆک و دەوروبەری باری بووە ھۆی لافاو و لێکەوتنەوەی زیانی ماددی و گیانی.

دەشڵێت" بەگشتی بارانبارین لەم قۆناخەدا بۆ سەرجەم ناوچەکان باش دەبێت و تا ئێوارەی دووشەممە بە چالاکی ئەم شەپۆلە دەمێنێتەوە پاشان لاواز دەبێت و بۆ رۆژانی ٢٦ و ٢٧ی مانگ بەھۆی مانەوەی نزمە پاڵەپەستۆکە لە ئاستە بەرزەکانی بەرگەھەوادا و بەھەڵمبوونەوەی شێی ناوچەکە و دووبارە چربوونەوەی بۆ ھەوری کەڵەکەبوو تاوە باران و بروسکەی ناوخۆی لە کات و شوێنی جیاجیادا چالاک دەبێتەوە لە رۆژی پێنجشەممەوە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤ کاریگەری ئەو بارستە ھەوایە بە تەواوی ئاسمانی ناوچەکە جێدەھێڵێت و کەش لە تەواوی  ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان سەقامگیر دەبێتەوە کە پێناچێت ئەو ماوە سەقامگیریە زۆریش بخایەنێت و بارانبارینەکانی دواتر  بەزووی دەستپێدەکاتەوە". 


AM:09:57:20/03/2024