هۆکاری بەشدارینەکردنی مەسعود عەبدولخالق و دەزگای ستاندەر لە رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ئاشکرا دەبێت

مەسعود عەبدولخالق، خاوەنی دەزگای ستاندەر و ستافەکەی لە کۆنگرەی راگەیاندنی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بەشدارنەبوون، ئەوەش بۆ جیاوازی بۆچوونیان دەگەڕێتەوە.

دوێنێ لە شاری سلێمانی لە دوای بەستنی کۆنگرە، رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەلی حەمەساڵح راگەیەنرا، بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، هۆکاری بەشدارینەکردنی مەسعود عەبدولخالق، خاوەنی دەزگای ستاندەر و ستافی دەزگاکە لە رۆژی کۆنگرەی دامەزراندنی ڕەوتەکە بۆ جیاوازی بۆچوونی هەردوولا دەگەڕێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، پێشتر گفتوگۆ هەبووە لە نێوان ستافی دەزگای ستاندەر و عەلی حەمەساڵح و ستافی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بۆ پێکەوە کارکردن، بەڵام ستاندەر پێی باش بووە پڕۆژەکە گەورەتر بێت، نەک تەنها زیادکردنی ژمارەی حیزب بێت، بەڵام دامەزرێنەرانی رەوتی هەڵوێست پێیان باش بووە لەم کاتەدا ڕەوتەکە رابگەیەنن.

زانیارییەکانی (سپی) ئاماژە بەوە دەکەن دواتر ستاندەر بەشێوەیەکی فەرمی نەچوونەتە ناو ڕەوتەکە، بەڵکو تەنها هاوکاریان بوون و لە داهاتووش وەک هاوکار لەگەڵیان دەبن.

لەلایەکی ترەوە سەرەتای دەنگوباسی دروستبوونی ئەو رەوتە ئاماژە بۆ ناوی د. یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و بەهار مەحمود پەرلەمانتار و چەند هەڵسوڕاویكی تری گۆڕانیش دەکرا کە بەشێک بن لەو پرۆژەیە، بەلآم دوێنێ هیچ کام لەوانەش بەشداری کۆنگرەکەیان نەکرد.



PM:12:45:20/03/2024